وەزیرێکی ئیسرائیل: دەبێت 75%ـی کەرتی غەززە کۆنترۆڵ بکەین تاوەکوو حەماس لەناو بچێت

بتزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند، کۆنترۆڵکردنی 75%ی کەرتی غەززە و سەپاندنی فشاری سەربازیی بەردەوام و چڕ بەسەر حەماسدا، دەبێتە هۆی داڕمانی ئەو بزووتنەوەیە.
سمۆتریچ، لە لێدوانێکدا کە ڕۆژنامەی 'ئیسرائیل هایۆم' بڵاوی کردووەتەوە گوتیەتی، کۆنترۆڵکردنی زۆربەی ناوچەکانی کەرتی غەززە، ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات هێڵەکانی دابینکردنی بودجەی حەماس ببڕێت، ئەمەش توانای ڕێکخراوەیی و سەربازیی حەماس بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامبوونی فشارە سەربازییە چڕەکان، لەوانەش هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان، دەبێتە هۆی تێکدانی ورەی بزووتنەوەکە و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی هەڵوەشانەوە یان ڕادەست بوون.
سپۆتریچ، ئەم ستراتیجییەی بە چارەنووسساز زانی بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییانەی حەماس کە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دروستی کردووە، هەروەها پێویستی بە پابەندبوونێکی درێژخایەن و هەوڵی سەربازیی چڕ هەیە.
سمۆتریچ، ڕاشیگەیاندووە، تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکانەوە ڕووی نەداوە، هەروەها حەماسیش داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکات.
ڕۆژنامە عیبرییەکە، لە زاری سمۆتریچەوە بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل ڕووبەری نێوان میحوەرەکانی موڕاج و فیلادلفیا یەکسان دەکات، هەروەها کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەچنە ژوورەوە بۆ دابەشکردنی پێداویستی خۆراک.
سمۆتریچ، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکییەکان هەڵوێستیان نەگۆڕیوە، هەروەها دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هێشتا پلانی کۆچبەری دەوێت و لە کەرتی غەززە پاڵپشتیمان دەکات.