کاسبکارانی کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد

بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی شەقامەکانی شار، ئیدارەی کەرکووک هەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆکانی دەست پێ کردووە، بەم هۆیەوە کاسبکارانی بازاڕی سەر پردەکە ناڕازین و خۆپیشاندانیان کرد، چونکە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە شوێنەکە دەرکراون و ناتوانن کار بکەن.

کاسبکارێکی بازاڕەکە بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە زیاتر لە 30 ساڵە لەو بازاڕەین، ئەوان بەدیلێکی ئەو بازاڕەیان بە ئێمە داوە  کە بەکەڵکی بازاڕ نایەت. نازانم پلانی ئەوان بۆ بازاڕی سەر پردەکە چییە؟ هەرشتێک ڕوو بدات ئەوان دێن ئێمە دەردەکەن."

ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمەش لەگەڵ ڕێکخستنەوەی شارەکەداین، بەڵام سنووری بۆ  ئێمە دیاری کردووە، چونکە ئێمە زیاتر لە 30 ساڵە لێرەین، ئەو پردەش تەمەنی 50 ساڵە و ئۆتۆمبێلیش پێیدا ناڕوات، لەوەتەی ئەو شوێنە هەیە خەڵکی هەژار کاسبی تێیدا دەکات."

کاسبکارێکی دیکە دەڵێت "ئێمە وەک کاسبکارانی سەر پردەکەی کەرکووک، نزیکەی 300 خێزان لەو بازاڕە کار دەکەین، ماوەی هەشت ڕۆژە ئێمەیان لێرە دەرکردووە و دەڵێن نایاسایین و سیمای شارتان تێک داوە، بۆیە داواکارین بگەڕێنرێینەوە شوێنی خۆمان."

گوتیشی: "بۆ لەکاتی هەڵبژاردن مێز بەمێز و دەرگا بەدەرگا دێن و دەڵێن دەنگمان پێ بدەن، بەڵام دواتر کە دەچنە سەر حوکم، ئێمەیان لە بیر نییە. دوو جار چووینە ماڵی پاریزگار و دوو جاریش چووینەتە دیوانی پارێزگا، بەڵام ڕێگەمان نادەن بچینە ژوورەوە."