سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئیسرائیل: وڵاتەکەمان وەک خولیایەک منداڵان دەکوژێت

یائیر گۆلان، سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای پەخشی ئیسرائیل (کان)، وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد بە کوشتنی منداڵانی کەرتی غەززە، وەک خولیایەک.

ئەمڕۆ سێشەممە، یائیر گۆلان، کە ئەندامی پێشووی کنێست و بەرپرسی سەربازیی وڵاتەکە بووە،  گوتی: ئیسرائیل بەرەو بوونە دەوڵەتێکی بێزراو لەلایەن جیهانەوە دەچێت، ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆ هەڵسوکەوت وەک دەوڵەتێکی عەقڵانی.

یائیر گۆلان، ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتێکی عەقلانی دژی منداڵان ناجەنگێت، هەروەها وەک خولیایەک منداڵ ناکوژێت و پلان بۆ ئاوارەکردنی دانیشتوان دانانێت.

گوتیشی، "ئەم حکوومەتە پڕە لە کەسی تۆڵەسێنەر، کە لە حاڵەتی نائاساییدا ئەخلاق و توانای بەڕێوەبردنی وڵاتیان نییە."

سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئیسرائیل باسی لەوەش کرد، وەزیرەکانی حکوومەت گەندەڵن، و دەبێت کۆتایی بەشەڕەکان بهێنن و بارمتەکان بگەڕێننەوە و ئیسرائیل ئاوەدان بکەینەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، وەڵامی گۆلانی دایەوە و گوتی: ئەو دژی دەوڵەتەکەمان و سەربازەکانمان قسە دەکات کە شەڕ بۆ بوونی ئێمە دەکەن.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش دا، گۆلان و هاورێکانی چەپە توندڕەوەکان "بەردەوامن لە دووبارەکردنەوەی بوختان بەرامبەر سەربازەکانمان و دەوڵەتەکەمان."