سامانە سروشتییەکان: ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی کە کراون، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: دوو ڕێککەوتننامەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە.

سێشەممە 20ـی ئایاری 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ڕێککەوتننامەی نێوان وەزارەتەکە و هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشان کردووە.

وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە، ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکوو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە.

هاوکات باسی لەوە کرد، هەردوو ڕێککەوتنەکە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی وگرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێککەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، جەختی لەوە کردەوە، ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و  گرێبەستانەی دوێنێ، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق .

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment