بۆریی ئاوی 'ئیفراز سێ' چاککرایەوە

بۆریی گوێزەرەوەی ئاوی 'ئیفراز سێ'
بۆریی گوێزەرەوەی ئاوی 'ئیفراز سێ'

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر چاککردنەوەی بۆریی گوێزەرەوەی ئاوی 'ئیفراز سێ'ـی ڕاگەیاند.

 بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی، پاش نیوەڕۆی دووشەممە، 19-05-2025، بۆری گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە نزیك گوندی "دارەبەن" شکێنرا، دوای هەوڵ و ماندووبوونەکی زۆر لەلایەن تیمی چاککردنەوەی تۆڕەکانی ئاوی هەولێر، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-05-2025، بۆرییەکە چاککرایەوە و وێستگەکان دەستیان بە کارکردن کردەوە.

پێشتر  ڕابەر حوسێن، بەڕێوبەری ئاوی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، چوار کەسی "نابەرپرسیار"ـیان بە تۆمەتی شکاندنی بۆریی ئاوی 'ئیفراز سێ' دەستگیر کردووە کە کاری هەڵکەندنیان لە نزیک گوندی 'دارەبەن' کردووە بۆ دانانی بناغەی ستوونی کارەبا، ئەوەش شکانی بۆرییەکەی لێ کەوتووەتەوە. 

پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە.

هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.