لە 1ـی حوزەیرانەوە سزای توند بەسەر بەنزینخانە سەرپێچیکارەکاندا دەسەپێندرێت

بەرپرسی لیژنەی پکشنینی بەنزیخانەکان ڕایگەیاند، لە 1ـ6ەوە بڕیار و ڕێنمایی نوێ و سزای توند دەربارەی سەرپێچیی بەنزینخانەکان دەردەکرێت. 

سالار محەممەد، بەرپرسی لیژنەی پکشنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە بەرنامەی 'چ باسە'ـی کوردستان24، کە کامەران حاجی عومەر، پێشکەشی دەکات، گوتی: بەگوێرەی ڕێنماییە نوێیەکان ئەو بەنزیخانەیەی بەهۆی سەرپێچییەوە دادەخرێت، دەبێت لافیتە لەبەردەم بەنزینخانەکە هەڵبواسیت و هۆی داخستنەکەی ڕوون بکرێتەوە. گوتیشی، بەنزینەکە هەرچەند خراپ بێت سزاکەی زیاتر دەبێت.

گوتیشی: داوا لە هەموو بەنزیخانەکان دەکەین، پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بن لەڕووی کوالیتیی بەنزینەوە، چونکە سزاکان زۆر توند دەبێت، بەهیچ شێوەیەکیش چاوپۆشی ناکرێت.

ئەو بەرپرسەی سامانە سروشتییەکان دەڵێت: ئەو بڕیارە لە 1ـی 6ـی 2025ەوە جێبەجێ دەکرێت.