کشتوکاڵی هەولێر: پێشبینی دەکەین بەرهەمی خەیار زیاتر لە 35 هەزار تۆن بێت
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەین بەرهەمی خەیار زیاتر لە 35 هەزار تۆن بێت و لە هەفتەی داهاتوودا بڕی بەرهەمەکە دەردەکەوێت، چونکە بەرهەمەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە.
ئەمڕۆ هەینی، 23ـی ئایاری 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "بڕی پێشنیاز کراو بۆ ساڵی 2025، حەوت هەزار و 136 دۆنم بووە. پێشبینی دەکەین بەرهەمەکە زیاتر لە 35 هەزار تۆن بێت و لە هەفتەی داهاتوودا بڕی بەرهەمەکە دەردەکەوێت، پێشبینی دەکەین بەرهەمەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردبێت.
هێمن سەید موراد دەشڵێت: بەرهەمی خەیار پێداویستی ناوخۆی پڕکردووەتەوە و لە سەرەتای مانگی ئایاریشەوە هەرناردەی خوارو و ناوەڕاستی عێراق کراوە.
لەبارەی پشتیوانییەکانی وەزارەت بۆ جووتیار و بەرهەمی ناوخۆ گوتیشی، بۆ ئەم مەبەستە لە 15ـی نیسان تاکوو 15ـی تشرینی دووەمی 2025 باج دەخرێتە سەر هێنانی بەرهەمی خەیار.
ڕاشیگەیاند "ڕووبەری داچێندراو بە خەیار بۆ ساڵی 2024، نزیکەی شەش هەزار و 373 دۆنم بووە و بەرهەمەکەشی 28 هەزار و 679 تۆن بووە."