کچێکی سعودی: براکەم شەش ساڵ دەستدرێژیی سێکسی دەکردە سەرم و خێزانکەم هیچیان نەکرد

پەیامێکی ڤدیۆیی بڵاوکردووەتەوە

K24 - هەولێر

کچێکی سعودی لەڕێگەی ڤیدیۆیەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد بۆ ماوەی شەش ساڵ لەلایەن براکەیەوە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر و کێچەڵی سێکسی پێ کراوە، کەچی خێزانەکەی هیچ هەڵوێستێکیان لە دژی براکەی نەبووە دوای ئەوەی راستییەکانی بۆ ئاشکرا کردوون.

ئەو کچە سعودیە ناوی غەدیر عودە ئەحمەدییە، لە گرتە ڤیدیۆییەکەیدا ناسنامەی خۆی و براکەی ئاشکرا دەکات و براکەی کە ناوی وائیل-ـە، تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەری لەکاتێکدا تەمەنی نۆ ساڵ بووە تاوەکو تەمەنی گەیشتووەتە 15 ساڵ.

لە ڤیدیۆکەدا غەدیر دەڵێ "بەهەموو شێوەیەک هەوڵمدا بڕوا بە خێزانەکەم بهێنم، کە کارە راستییەکە بەرامبەر براکەم بکەن، دوای ئەوەی ئاشکرام کرد چی لێ کردووم، بەڵام ئەوان تەنیا قورئانێکیان هێنا و ئەویش سوێندی خوارد هیچی نەکردووە و بەردەوام بوو لە ژیانی ئاسایی خۆی".

غەدیر، بە گوتەی خۆی بۆیە ئەو ڤیدیۆیەی تۆمارکردووە و بڵاوکردووەتەوە، تاوەکو خەڵکی دیکە بپارێزێت لە براکەی، چونکە وەک خۆی دەڵێ "من ئێستا دایکم و نامەوێت شتی وا بەسەر منداڵەکەم بێت".

ڤیدیۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی لە توویتەر دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە، بۆیە غەدیر لە توویتێکی دیکەدا ئاشکرای کردووە ئەو ژیانی پارێزراوە و ئێستا لە سعودیە ناژی، مەبەستیشی لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە تەنیا ئەوە بووە ژن و منداڵانی دیکە لە براکەی پارێزراو بن، کە لە نەخۆشخانەیەکی سعودیە پەرستارە.

لەکاتێکدا بەشێکی ئەوانەی ڤیدیۆکەیان بینیوە گومانیان لە قسەکانی غەدیر هەیە، بەشێکی دیکەیان داوایان لە دەسەڵاتدارانی سعودیە کردووە لێکۆڵینەوە بکەن بۆ زانینی راستیی بابەتەکە.

هـ.ر.