بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی، وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی وەبەرهێنان چەند بڕیارێکیان دەرکرد

بۆ گەشەپێدان و بوژاندنەوەی زیاتری کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی وەبەرهێنان، لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکیان دەرکرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی وەبەرهێنان، دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ڕاسپاردەی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە پێناو گەشەپێدان و بوژاندنەوەی زیاتری کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی و پێدانی ڤیزا و نیشینگە بە وەبەرهێنەر و هاوڵاتیانی بیانی، بڕیاردرا

پێدانی نشینگەی وەبەرهێن بۆ ماوەی 3 ساڵ بۆ 5 ساڵ بە کەسی بیانی ( خۆی و هاوسەر و منداڵی خوار 18 ساڵ و دایک و باوک ) بکرێت بە پشتگیری دەستەی وەبەرهێنان کە بیسەلمێنێت ناوبراو وەبەرهێنەرە.

هەروەها لەدوای کۆتایی هاتنی ماوەی نشینگەکەی، بۆ هەمان ماوەی ئاماژە پێکراو درێژ دەکرێتەوە بەهەمان ڕێکاری ئاماژە پێکراو، ئەوەی  پەیوەستیشە بە کارەکانی  نشینگە، پێدانی نشینگەی کارە بە ئەوانەی داوای دەکەن بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک تا 3 ساڵ بۆ کەسی بیانی ( خۆی و هاوسەر و منداڵی خوار 18 ساڵ و دایک و باوک )، لە کاتی کڕینی یەکەیەکی نیشتەجێبوونیش لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەو مەرجەی نرخی یەکەکە لە 50 هەزار دۆلاری ئەمریکی کەمتر نەبێت ئەمەش بە پشتگیری دەستەی وەبەرهێنان.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەدوای کۆتایی هاتنی ماوەی نشینگەکەی بۆ هەمان ماوەی ئاماژە پێکراو، درێژ دەکرێتەوە بەهەمان ڕێکاری ئاماژە پێکراو بە پشتگیری دەستەی وەبەرهێنان و بە سپۆنسەری یەکەکەی تا ئەو کاتەی خاوەنداریەتی دەکات.

بڵاو کراوەتەوە، ئەم ڕێنمایی و بڕیارانە لە ئەمڕۆوە چونەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئامانج لێیان، گەشەپێدانی زیاتر بە کەرتی وەبەرهێنان و ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا و نشینگە بە وەبەرهێنەر و هاوڵاتیانی بیانی.