هاوپەیمانان گەورەترین جبەخانەی چەکی سەربازگەی تاجییان رادەستی هێزە عێراقییەکان کرد
ئەو تەقەمەنییانەی لەنێو جبەخانەکەدا بوون، نرخیان بە زیاتر لە 11 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت
K24 - هەولێر
گەورەترین جبەخانەی چەکی هاوپەیمانان لە بنکەی سەربازیی تاجی، رادەستی هێزە عێراقییەکان کرا.
لە مەراسیمێکدا، دوێنێ (یەکشەممە، 16-8-2020) نزیکەی 50 یەکەی کۆگاکردنی چەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش، بەتەواوی رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرا.
لە راگەیەندراوێکدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد، ئەو چەکانەی لەنێو جبەخانەکەدا بوون، نرخیان بە زیاتر لە 11 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، وەکو بەشێک لە پارەدارکردن و ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، درانە هێزە عێراقییەکان.

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە، ئەو تەقەمەنییانەی لە جبەخانەکەدا بوون پێکدێن لە: گوللـەی دەمانچە، هاوەن، مووشەکی هەلیکۆپتەر، نارنجۆک و کەرەستەی دیکەی تایبەت بە راهێنان و ئۆپەراسیۆنی سەربازی.
عەقید گریگۆری فیکس، فەرماندەی لیوای فڕۆکەوانی جەنگیی کە بە سەرۆکایەتیی ئەو، مەراسیمی رادەستکردنەکە سازکرا، دەڵێ "سەرباز و فڕۆکەوانانی عێراقی سەرکەوتوو بوون لە شکستپێهێنانی داعش و توانایەکی زۆریان پەیداکردووە... رادەستکردنی جبەخانەکە بە رووداوێکی گرنگ دادەنرێت، چونکە وەکو سیمبوولێکی سەرکەوتنی هاوبەشیی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی عێراقە".
