یەکێتیی ئەورووپا: ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن بێت نەک هەڕەشە
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی دانانی باجی 50%ی لەسەر هەموو کاڵاکانی ئەورووپا ڕایگەیاند، بەرپرسی ئابووریی یەکێتی ئەوروپا گوتی: هەر ڕێککەوتنێکی بازرگانی لە نێوان برۆکسل و واشنتن دەبێت لەسەر بنەمای "ڕێز لەیەکگرتن بێت نەک هەڕەشە."
کۆمیساری بازرگانی یەکێتیی ئەورووپا، مارۆش شێفچۆڤیچ، دوای پەیوەندیی لەگەڵ نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا جەیمسۆن گریر و وەزیری بازرگانی، هاوارد لوتنیک، لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' نووسیویەتی "یەکێتیی ئەورووپا پابەندە بە دەستەبەرکردنی گرێبەستێک کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا ئەورووپا و ئەمەریکا بێت."
ئاماژەی بەوەش کردووە "یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیە بە نیازپاکی کار بکات، بازرگانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا بێ هاوتایە و دەبێت بە ڕێزگرتنی یەکتر بێت نەک هەڕەشە، ئێمە ئامادەین بەرگری لە بەرژەوەندییەکانمان بکەین."
دۆناڵد ترەمپ لە 'Truth Social' ڕایگەیاندبوو "یەکێتیی ئەورووپا مەبەستی سەرەکی بۆ سوودوەرگرتن لە ئەمەریکا لە بواری بازرگانیدا پێک هێنرا، مامەڵەکردن لەگەڵیدا زۆر قورس بووە."
ئاماژەی بەوەش دا، ساڵانە 250 ملیۆن دۆلار کورتهێنانی بازرگانیمان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا هەیە. دەشڵێت: "گفتوگۆکانمان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامە، هیچ باجێکیش ناخرێتە سەر ئەو بەرهەمانەی کە لە ئەمریکا دروستکراون یان بەرهەمدەهێنرێن".
بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی ئەمەریکا، یەکێتیی ئەورووپا یەکێکە لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمەریکا، کە لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 600 ملیار دۆلار کاڵای فرۆشتووە و بە بەهای 370 ملیار دۆلاریش کاڵای کڕیوە.
ئەمەریکا لە 2ـی نیسانەوە ڕێژەی 20%ی باجی بەسەر زۆربەی کاڵاکانی یەکێتیی ئەورووپادا سەپاند، بەڵام دوای هەفتەیەک کەمی کردەوە بۆ نیوە، هەروەها 25% باجی زیادەشی بەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆم و پارچەی ئۆتۆمبێلی ئەورووپادا سەپاند.
دۆناڵد ترەمپ لەدواین لێدوانەکانی سەبارەت دانانی باج لەسەر بەرهەمەکانی ئەپڵ و سامسونگ، ڕایگەیاند "ڕەنگە ڕێژەی 25% باج لەسەر هەموو بەرهەمەکانی ئەپڵ و سامسۆنگ زیاد بکات، کە لەلایەن کڕیارە ئەمەریکییەکانەوە دەکڕدرێن. گوتیشی، بڕیارەکە لە کۆتایی مانگی حوزەیران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."