وەزارەتی دارایی هەرێم: لیستی مووچە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا

باڵەخانەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
باڵەخانەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی پێنجی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد. 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە "سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 25-05-2025، لیستی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا."

پێشتر هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـیش ڕایگەیاندبوو، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-05-2025، لیستی مووچەی مانگی پێنج ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە ڕێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاندبوو، پێشبینی دەکرێت بەر لە جەژنی قوربان، مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت.

ڕۆژی  پێنجشەممە، 22-05-2025، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ، کە بڕەکەی 50 ملیار و 522 ملیۆن و 750 هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment