کەرکووک.. لە چوار سایلۆوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرا

"فۆرمێک دروست کراوە، جووتیار لە بازرگان جیا دەکاتەوە"

لە  چوار سایلۆوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کەرکووک کرا. بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکەش پێشبینی دەکات، بەرهەمی ئەمساڵی گەنم زیاتر لە 460 هەزار تۆن بێت. 

ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ، یەکشەممە، 25-05-2025، دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگاکە کرا و تا گەنمی یەک جووتیار لە کەرکووک مابێت، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت."

ڕێبوار تەها، ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوار سایلۆی سنووری پارێزگای کەرکووک کە دەکەونە ناوەندی کەرکووک، تازە خورماتوو، حەویجە و ڕیاز، گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت و جووتیارانی هەموو قەزا و ناحییەکانی پارێزگاکە، بەسەر ئەو چوار سایلۆیەدا دابەش کراون بۆ ئەوەی لە کاتی ڕادەستکردنی گەنم، کێشە و قەرەباڵغی دروست نەبێت. 

پارێزگاری کەرکووک باسی لەوەش کرد "ئەو فۆرمەی ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دروست کراوە، بۆ پاراستنی جووتیاران و جیاکردنەوەیانە لە بازرگانان، تا ماف و ماندووبوونی جووتیاران بپارێزین. هاوکات فۆرمەکە بەسەر هەموو بازگە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دابەش کراوە و هەمووان پێیەوە پابەند دەبن."

پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوەش دا، کێشەی ئەو جووتیارانەش چارە کراوە کە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی گەنمیان چاندووە و هاوشێوەی جووتیارانی دیکە بە نرخی فەرمی گەنمیان لێ وەردەگیرێت. 

هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-05-2025، عیسام عوبێدى، بەڕێوەبەرى گشتیی کشتوکاڵى کەرکووک بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تێکڕاى زەوى چێندراو بە گەنم لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە چوارچێوەی پلانى ئەمساڵی کشتوکاڵی، نزیکەی 560 هەزار دۆنمە و پێشبینی دەکەین بەرهەمەکەی زیاتر لە 460 هەزار تۆن بێت."

بۆ چاندنى گەنم، بۆ ساڵى 2025 پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵیدایە. بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەى بەشێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێنرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، بەڵام ئەوەی بەشێوازى کۆن ئاو درابێت، هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.