کارەبای سلێمانی: پێدانی كارەبا بە هێڵی 1 و 2ی ئاوی سلێمانی ئاسایی بووەتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی پێدانەوەی كارەبای بە هێڵی 1 و 2ی ئاوی سلێمانیی ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "لە كاتژمیر 11:15 خولەكی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممەوە، 25-05-2025، پێدانەوەی كارەبا بە هێڵی 1 و 2ی ئاوی سلێمانی ئاسایی بووەتەوە و گرفتی كارەبا نەماوە."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بەپێی پلانەكانی خۆیان دەست به هەناردەی ئاو بۆ ناو شار دەكەنەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە،لە کاتژمێر 03:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەوە، 25-05-2025، بە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە هەردوو پرۆژەی یەک و دووی ئاوی دوکان – سلێمانی، دابەشکردنی ئاو لە هەردوو پرۆژەکە وەستاوە.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی بە هاوژین جەمال، پــەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو "بەهۆی وەستانی ئەو دوو پرۆژەیە، سەدا 70ـی گەڕەکەکانی شاری سلێمانی بێئاو دەبن، تەنیا ئەو گەڕەکانە بێئاو نابن کە لە پرۆژەی ئاوی سەرچنارەوە ئاویان بۆ دابین دەکرێت."