وەزارەتی تەندروستی: لە 24 کاتژمێری رابردوودا 24 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

463 کەسی دیکەش تووشی پەتاکە بوون

K24 - هەولێر

 وەزارەتی تەندروستی گیانلەدەستدانی 24 کەسی راگەیاند، کە لە 24 کاتژمێری رابردوودا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش زۆرترین ژمارەی مردنە بە کۆرۆنا لەماوەی یەک شەو و رۆژدا، کە تائێستا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرابێت.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوی ژمارە 173ـی تایبەت بە نەخۆشیی کۆرۆنا، ئەمڕۆ (دووشەممە، 17-8-2020) گیانلەدەستدانی 24 کەس و تووشبوونی 463 کەسی دیکەی بە کۆرۆنا راگەیاند.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ، 777 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و، رێژەی مردنی تووشبووانی پەتاکەش گەیشتووەتە 3.6٪ـی تووشبووان.

ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەروەها نیشانی دەدەن: لە کۆی هەر 21 هەزار و 660 تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، 12 هەزار و 524ـیان چارەسەرکراون، ئێستاش هەشت هەزار و 359ـیان ڤایرۆسەکە لە جەستەیان چالاکە.

هـ.ر.