یه‌ده‌گی ئاوی عێراق له 80 ساڵی ڕابردوودا بۆ نزمترین ئاست دابه‌زیوه

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئاماژه به نزمبوونه‌وه‌ی ئاستی یه‌ده‌گی ئاوی عێراق ده‌كات، كه له ماوه‌ی نزیكه‌ی یه‌ك سه‌ده‌ی ڕابردوودا به‌م شێوه‌یه دانه‌به‌زیوه.
یه‌كشه‌ممه، 25ـی ئایاری 2025، خالید شیمال، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگه‌یاندووه، یەدەگی ئاوی عێراق لە ماوەی 80 ساڵی ڕابردوودا بۆ نزمترین ئاستی دابه‌زیوه.
خالید شیمال ڕوونی كردووه‌ته‌وه، هۆكاری دابه‌زینی ئاستی یه‌ده‌گی ئاوی عێراق بۆ خراپی وەرزی بارانبارین و کەمبوونەوەی به‌ردانه‌وه‌ی ئاو لە هه‌ردوو ڕووباری دیجلە و فورات ده‌گه‌ڕێته‌وه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق گوتووشیه‌تی، ئاو به‌راورد به ساڵی ڕابردوو واته ساڵی 2024 زۆر كه‌متر بووه‌ته‌وه، بۆیه ناچارن ڕووبەری ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی لەم هاوینەدا به‌ربومیان تێدا چێنراوه، کەم بکەنەوە.
له چوارچێوه‌ی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی کە لانی کەم ماوەی پێنج ساڵە له عێراق بەردەوامە، حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته بەردەوام ڕەخنە لەو بەنداوانە دەگرێت کە لەسەر هه‌ردوو ڕووباری دیجله و فورات به‌تایبه‌تی له توركیا و ئێران دروست كراون و ئاستی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە کە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی عێراقن، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
خالید شیمال سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، عێراق کەمتر لە 40%ـی شایستەی خۆی له ئاوی هه‌ردوو ڕووباره‌كه وەردەگرێت. جەختیشی لەوە کردەوە، یەدەگی ستراتیجیی ئاو له ساڵی ڕابردوو به‌راورد به‌م ساڵ باشتر بووە، بەو پێیەی دوو هێندە بووە. تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش، لە سەرەتای وەرزی هاویندا بڕیار بوو عێراق لانی کەم 18 ملیار مەتر ئاوی هەبێت، بەڵام ئێستا نزیکەی 10 ملیار مەتر سێجای هه‌یه.