کەمی باران و ئاو جووتیارانی پێنجوێنی بێ ئومێد کردووە

لە سنووری قەزای پێنجوێن 81 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە، ساڵانە دەیان بەرووبوومی جیاواز لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بەرهەم دەهێندرێن.

بۆ ئەمساڵ کەمی باران و ئاوی پێویست، زیانی بە زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە، جووتیاران نەیانتوانیووە وەکو پێویست زەوییەکانیان ئاو بدەن، بەشێک لە جووتیاران ترسیان هەیە بەرووبوومەکانیان لەناو بچێت.

سەرباری کەمی باران، کولـلەش زیانی بە بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە گەیاندووە، هیوا چەوتانی، جووتیاری ناوچەکەیە و بۆ کوردستان24 گوتی: ئەمساڵ وشکە ساڵییەوە هیچمان نەکردووە و کەس مەرەزە ناکات و ئاو نییە، خەڵک لەبری مەرەزە، کاڵەکی چاندووە.

کەم بارانی وای کردووە، جووتیاران بیر لە چاندنی ئەو بەرهەمانە بکەنەوە کە ئاوی کەمیان پێویستە، ىیروون محەممەد، جووتیارێکی دیکەی ناوچەکە بوو، بۆ کوردستان24 گوتی: ئاوی ناوچەکە هێندە کەمە، بۆ شووتی و کاڵەک کە بە 60 ڕۆژێک یا زیاتر پیدەگەن، بەڵام هێندە وشکە ساڵییە، ترسمان لەوە هەیە بەری ڕەنجمان خەسار بێت.

شارەدێی پێنجوێن پێکهاتووە لە سێ شارەدێ و 188 گوند، دەشتەکەشی خاوەنی زیاتر لە 81 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵییە، بەڵام کەمی بارانی ئەمساڵ، تێنوێتی دەشتەکەی نەشکاند بۆ ئەوەی وەک جاران بەرهەمە زۆرەکانی بخاتە بازاڕەکانی کوردستان.