ترەمپ سەپاندنی باجی بەسەر یەکێتیی ئەورووپادا دواخست

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پاشەکشەی کرد لە هەڕەشەکانی بۆ خێراکردنی سەپاندنی باجی لەسەدا 50 لەسەر هاوردەکردن لە یەکێتیی ئەورووپا. و ڕازی بووە بە درێژکردنەوەی وادەی دانوستانە بازرگانییەکان تا 9ـی تەمموز، دوای ئەوەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ ئەوەی بگاتە ڕێککەوتنێکی باش.

ترەمپ ڕۆژی هەینی، هەڕەشەی توندکردنەوەی شەڕی بازرگانی کرد، ئەمەش دوای ئەوەی ناڕەزایی دەربڕی دانوستانە بازرگانییەکان بە پێی پێویست ناجووڵێن و گوتی: دەیەوێت لە یەکەمی حوزەیرانەوە دەست بکات بە سەپاندنی باجی قورس بەسەر هاوردەکردنی کاڵای ئەورووپادا، ئەم هەڕەشەیە بازاڕەکانی جیهانی پەک خست.

دوای ئەوەی ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێی ڕاگەیاندبوو "یەکێتیی ئەورووپا پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و داوای لێ کرد باجەکان تا مانگی تەمموز دوا بخات،" ترەمپ پاشەکشەی کرد.

ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ڕازیی بووە بەو داوایەی ڤۆن دێر لاین لێی کردووە" گوتیشی: بە خێرایی کۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی بزانین دەتوانین شتێک بدۆزینەوە یان نا.

ڤۆن دێر لاین، لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا ڕایگەیاند "یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیە بە خێرایی هەنگاو بنێت لە گفتوگۆ بازرگانییەکان."

ڤۆن دێر لاین، ڕۆژی یەکشەممە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند "پەیوەندییەکی تەلەفۆنی باشی لەگەڵ ترەمپ هەبووە."

لە سەرەتای مانگی نیساندا، ترەمپ وادەی 90 ڕۆژی بۆ دانوستانە بازرگانییەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا دیاری کرد، کە بڕیار بوو لە 9ی تەمموزدا کۆتایی پێبێت.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment