بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی سلێمانی و چەمچەماڵ تەرخانکرا
كێشەی كەمئاوی لە سلێمانی و چەمچەماڵ چارەسەر دەكرێت
K24 - ھەولێر
بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کەمی ئاو لە ناو شاری سلێمانی و شاری چەمچەماڵ تەرخانکرا.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە کێشەی کەمئاوی لە هەردوو شاری سلێمانی و چەمچەماڵ هەیە و بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بڕی زياتر له چوار ملیار دینار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە خەرج بکرێت.
دەریاچەی دووکان، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی و چەمچەماڵە. ئاوەکە بە دوو هێڵ لەو دەریاچەیەوە گەیەندراوەتە ناو سلێمانی و چەمچەماڵ، بەڵام بەهۆی کۆنیی بۆریی هێڵەکان و ناوبەناو شکانیان و لەکارکەوتنی بەشێکی زۆر لە تۆڕباینەکانی راکێشانی ئاو، چەند جارێک بەتایبەت لەمساڵدا کێشەی کەمئاوی لەو دوو شارە دروست بوو.
پێشتر، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندبوو بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە هەردوو سەرچاوەی دووکان و سەرچنار، پێویستیان بە تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت هەیە و داواکاریەکەشیان ناردووە بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان.