کۆمیسیۆن داوای 300 ملیۆن دۆلار دەکات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق

کازمی دەڵێ زۆرە و نیوەی زیاتر کەمبکەنەوە

K24 - هەولێر

راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند، كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان داوای 300 ملیۆن دۆلاری كردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام كازمی داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ی كردووه‌ بۆ 100 ملیۆن دۆلار و كه‌متریش.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشتر داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کردبوو ئەو بڕە پارەیە دیاریبکەن، کە پێویستیانە بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بە بێگەری و رێکوپێکی بکرێت.

حوسێن هنداوی، راوێژکاری کازمی بۆ کاروبارەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان، رۆژی دووشەممە (17-8-2020) رایگه‌یاند: "کۆمیسیۆن 250 بۆ 300 ملیۆن دۆلاری داوا کرد بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام مستەفا کازمی داوای لە کۆمیسیۆن کرد تێچووەکانی کەمبکاتەوە بۆ 100 ملیۆن دۆلار و کەمتریش".

مستەفا کازمی بەگوتەی هنداوی هەروەها باسی لەوەی کردووە، "ئەو بڕە پارەیەی کۆمیسیۆن داوای دەکات زیادەڕۆیی تێدایە و ناکرێت ئێستا کە لەنێو قەیرانی ئابووریداین، ئەو بڕە پارەیە دابینبکرێت".

مستەفا کازمی، لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە بووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و پەیمانی داوە لە ساڵی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بکرێت، بەڵام لایەنە سیاسییەکانی عێراق رای جیاوازیان لەبارەی ئەو هەڵبژاردنە هەیە و هەندێکیان داوایان کردووە زەمینەیەکی لەبارتری سیاسی بڕەخسێنێت لە وڵات، تاوەکو هەڵبژاردنەکە سەرکەوتوو بێت.

 

هـ..ر.