ماکرۆن ڕوونکردنەوە لەبارەی شەقەزللەکەی هاوژینی دەدات
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆی شەقە زللەکەی هاوژینی سەرۆکی فەرەنسا، کە لە ڕوخساری هاوسەرەکەی دەدات، لە نێو میدیاکانی جیهان دەنگدانەوەی و لێکدانەوەی جیای لێکەوتەوە، ماکرۆن لەوبارەیەوە گوتی: لەگەڵ هاوژینەکەم گاڵتەم دەکرد.
دووشەممە 26ـی ئایاری 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی شەقەزللەی بریجێتی هاوژینی لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی لە ڤێتنام ڕوونکردنەوەی دا.
دوێنێ یەکشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، لەکاتی دابەزینی لە فڕۆکەکەی لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام، هاوژینەکەی شەقەزللەیەک لە ڕوخساری دەدات، ئەم دیمەنەش لە میدیاکانی جیهان دەنگیدایەوە و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا.
ماکرۆن لەوبارەیەوە بە میدیاکانی گوت: لەگەڵ هاوژینەکەم گاڵتەم دەکرد، ئەو دیمەنەش لەلایەن پاسەوانەکان بینرا، لە میداکان دەنگیدایەوە و هەر یەکە بە ئارەزووی خۆی لێکدانەوەی بۆ دەکات.
ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) ڕایگەیاندووە، هیچ دەمەقاڵییەک لەنێوان ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و هاوژینەکەی نەبووە، ئەو دیمەنەش بڵاوبووەتەوە، تەنیا گاڵتەیە و بۆ ئارامکردنەوەی دەروونیانە، دەیانەوێت گەشتەکەیان بە پێکەنین دەست پێ بکەن.