سلێمانی و هەڵەبجە.. مووچەخۆران بە لێشاو ڕوو لە پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من دەکەن

سبەی دوا مۆڵەتە بۆ فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ خۆتۆمارکردن لە پرۆژەی هەژماری من. لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵبجەش مووچەخۆران بە لێشاو ڕوویان کردووەتە خۆتۆمارکردن لە پرۆژەکە.

دووشەممە 26ـی ئایاری 2025، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کە سبەی دوا مۆڵەتە بۆ  فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ خۆتۆمارکردن لە پرۆژەی هەژماری من، هەر مووچەخۆرێک خۆی تۆمار نەکات بۆ مانگەکانی داهاتوو ناتوانێت مووچە وەربگرێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بە بانکی بکرێن لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری مندا. 

بۆ ئەو مەبەستەش کارەکانی ئەو پرۆژەیە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە چڕتر بوونەتەوە و دوای هەڵگرتنی بەربەستە سیاسییەکان، ئیستا مووچەخۆران بە لێشاو ڕوو لە پڕکردنەوەی فۆڕمی پرۆژەکە دەکەن. 

کوردستان24 زانیویەتی، بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من ئامادەکاریی تەواویان کردووە و لە مانگەکانی داهاتوودا چەندین ناوەندی دیکە بۆ ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە سلێمانی و هەڵەبجە دادەندرێن. 

بە دانانی ڕێژەیەکی زۆر لە ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە کارئاسانیی زیاتر بۆ مووچەخۆران دەکرێت و هەر مووچەخۆرێک لە ناوچە و گەڕەکەکەی خۆی دەتوانێت مووچەکەی وەربگرێت بەبێ هیچ ئاستەنگێک. 

 

 
Fly Erbil Advertisment