بەریتانیا.. کەسێک بە ئۆتۆمبێل خۆی بە نێو ئاهەنگی هاندەرانی یانه‌ی لیڤەرپوولدا کێشا

پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاند، کەسێک بە ئۆتۆمبێلەوە خۆی بە نێو ئاهەنگی هاندەرانی یانه‌ی وه‌رزشی لیڤەرپوولدا کێشاوە و شۆفێرەکەش دەستگیر کراوە. 

دووشەممە 26ـی ئایاری 2025، پۆلیسی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە شاری لیڤەرپوول ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو ئاهەنگی هاندەرانی یانه‌ی وه‌رزشی لیڤەرپوولدا کێشاوە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەندەرانی یانه‌كه‌ بەهۆی بەدەستهێنانی خولی پریمەرلیگی ئینگلیزی ئاهەنگیان دەگێرا.

پۆلیسی بەریتانیا هەروەها ئاماژەشی داوە، شۆفێرەکە لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیر کراوە.

پۆلیسی بەریتانیا ئاماژەی بە قوربانییانی ڕووداوەکە نەکردووە، بەڵام ڕایگەیاندووه‌، خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی سەرەتایی گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش له‌م باره‌وه‌ ده‌ستیان پێ كردووه‌ و دواتر ورده‌كاری و ئه‌نجامه‌كان بۆ ڕای گشتیی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.

پۆلیس باسی لەوەش کردووە، شۆفێرەکە تەمەنی 53 ساڵە و خەڵکی لیڤەرپوولە و "سپی پێستە".

کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لەوبارەیەو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ڕووداوەکەی لیڤەرپوول زۆر ناخ هەژێنە، هاوخەمی هەموو ئەو کەسانەم کە بریندابوونە یان بە هەرجۆرێک زیانیان پێگەشتووە.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سوپاس پۆلیسی وڵاتەکەی و خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی سەرەتایی کردووە کە دەسبەجێ گەشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.

هەروەها ئاماژەشی داوە، هەموو دەسەڵاتێکمان بە پۆلیس داوە بۆ ئەوەی لێکۆلینەوە لە ڕووداوەکە بکەن.

چەند گرتەڤیدیۆییەک لە سۆشیاڵ میدیا بڵاو کراونەتەوە، کە ئەتۆمبێلێک خۆی بە نێو ئاپۆرای هەندەرانی لیڤەرپوولدا دەکێشێت، دوای دەستگیرکردنیشی هەندەرانی لیڤەرپوول هێرش دەکەنە سەر شۆفێرەکە، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە رێگریان لێ دەکرێت.