مەسرور بارزانی دامودەزگاکان رادەسپێرێت هاوکاری باوکی پێشمەرگەیەکی دیل بکەن
هەفتەیەکە لە نەخۆشخانەیەکی چەمچەماڵ چارەسەری کۆرۆنا وەردەگرێت
K24 - هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامودەزگاکانی حکومەتی راسپارد هاوکاری پێشکەشی مام عەلی بکەن، کە باوکی پێشمەرگەیەکی دیلە و هەفتەیەکە بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەکی چەمچەماڵ چارەسەر وەردەگرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 2020/8/18) لە تەندروستیی عەلی محەمەد رەسوول ناسراو بە مام عەلی پرسی، کە دەکاتە باوکی پێشمەرگەیەک بەناوی ئاکۆ کە لە ساڵی 2014ـەوە دیلی دەستی داعشە.
سەرۆکی حکومەت دامودەزگاکانی حکومەتی راسپارد هاوکاری پێویست پێشکەشی مام عەلی بکەن، کە ماوەی هەفتەیەکە بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئاسوودە لە شاری چەمچەماڵ چارەسەر وەردەگرێت و، دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
