ڕووداوەکەی لیڤەرپوول دەیان قوربانی لێکەوتەوە
لە ئەنجامی ڕووداوەکەی شاری لیڤەرپوول، کە ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو ئاهەنگی هاندەرانی یانهی وهرزشی لیڤەرپوولدا کرد، دەیان کەس بوونەتە قوربانی.
سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسانی شارەکە بڵاوی کردووتەوە، بەهۆی ڕووداوەکەی لیڤەرپوولەوە 20 کەس لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەریان وەرگرتووە و 27 کەسی دیکەش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، کە لە نێوانییان دا منداڵێک و گەنجێک بە سەختی بریندار بوونە.
جێنی سیمس، جێگری کاتی سەرۆکی پۆلیسی مێرسیساید، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئێمە پێمان وایە ئەمە ڕووداوێکی توندوتیژییە و وەکوو تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت.
دوێنێ دووشەممە 26ـی ئایاری 2025، پۆلیسی مێرسیساید، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە شاری لیڤەرپوول ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو ئاهەنگی هاندەرانی یانهی وهرزشی لیڤەرپوولدا کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە هاندەرانی یانهكه بەهۆی بەدەستهێنانی خولی پریمەرلیگی ئینگلیزی ئاهەنگیان دەگێرا.
هەروەها پۆلیس ئاماژەشی دابوو، شۆفێرەکە لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیر کراوە.
پۆلیسی مێرسیساید، ئاماژەی بە قوربانییانی ڕووداوەکە نەکردووە، بەڵام ڕایگەیاندبوو، تیمی فریاگوزاریی سەرەتایی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێكۆڵینهوهكانیش لهم بارهوه دهستیان پێ كردووه و دواتر وردهكاری و ئهنجامهكان بۆ ڕای گشتیی بڵاو دهكهنهوه.
پۆلیس باسی لەوەش کردبوو، شۆفێرەکە تەمەنی 53 ساڵە و خەڵکی لیڤەرپوولە و "سپی پێستە".
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لەوبارەیەو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی: ڕووداوەکەی لیڤەرپوول زۆر ناخهەژێنە، هاوخەمی قوربانیانی ڕووداوەکەم.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سوپاس پۆلیسی وڵاتەکەی و خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی سەرەتایی کردووە کە دەسبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.
هەروەها ئاماژەشی دابوو، هەموو دەسەڵاتێکمان بە پۆلیس داوە بۆ ئەوەی لێکۆلینەوە لە ڕووداوەکە بکەن.
چەند گرتەڤیدیۆییەک لە سۆشیاڵ میدیا بڵاو کراونەتەوە، ئتۆمبێلێک خۆی بە ئاپۆرای هاندەرانی لیڤەرپوولدا دەکێشێت، دوای دەستگیرکردنیشی هاندەرانی لیڤەرپوول هێرش دەکەنە سەر شۆفێرەکە، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە رێگرییان لێ دەکرێت.