مەڕدارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەڕەکانیان دەبڕنەوە و خۆیان بۆ چوونە کوێستان ئامادە دەکەن
وەرزی کۆچی مەڕدارانی ناوچەی سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بۆ کوێستان، یەکەم هەنگاوی ئامادەکاریی بۆ ئەو کۆچە، مەڕ بڕینەوەیە. هەنگاوی دواتر، پێدانی پێکوتە و دەرمانی دژە مشەخۆر و ئافەتەکانی ئاژەڵانە، مەڕدارەکان ئەم کارانە بە هەرەوەزی دەکەن و تا ناوەڕاستی هاوین، لە کوێستان دەمێننەوە.
حوسێن ڕەشیدی، مەڕدار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لەسەرەتای مانگی بەهار بە هەرەوەزی دۆست و هاوڕێ و خزمان مەڕەکانمان دەبڕینەوە، دوای ئەوە دەرمانی گەنەیان دەدەینێ، هەروەها دەرزی دانکە و خوێنمیزە و تەبەقیان لێ دەدەین، دواتر ئامادەیان دەکەین بۆ کوێستانێ."
هەرچەند ئێستا ئامێری کارەبایی بۆ بڕینەوەی مەڕ هەیە، بەڵام مەڕدارانی سەردەشت تا ئێستا برینگە، کە ئامێرێکی کۆن و نەریتییە بۆ بڕینەوەی مەڕەکانیان بەکار دەهێنن.
سەلێم شێران، مەڕدار گوتی: "ئێمە دەچینە کوێستانان، لەبەر گەنە و چەند نەخۆشیەکی دیکە، مەڕەکان دەبڕینەوە، دواتریش دەڕۆین بۆ کوێستانان."
مەڕدارێک دەڵێت، مەڕداری، داهاتی هەیە، بەڵام تێچووشی زۆرە، لەوانە بەراتی شوان و کرێی لەوەڕەگە. سەرباری ئەوانەش تەرزە و سەرمای بەهاری و وشکەساڵی زیانی بە لەوەڕگە و تفاقی ئاژەڵەکان گەیاندووە.
مەجید ئەنوەری، مەڕدار، باسی لەوەش کرد، مەڕ خەرجی زۆری هەیە، لەو خەرجیانە شەرتی شوان و شوێن لەوەڕگەکانە، کە شوان، بۆ ماوەی 7 مانگ بە 400 ملیۆن تومەن شوانیی دەکات، هەروەها کرێکار بۆ مەربڕینەوە دەگرین کە تا کاتژمێر 2 کار دەکەن بە دوو ملیۆن تومەن، نرخی دوو مەڕیش لە 35 ملیۆن تومەنەوە دەست پێ دەکات بەرەو سەرەوە.
مەڕداری، لە کۆنەوە سەرچاوەیەکی داهاتی ئابووریی کوردستان بووە. مەڕدارانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لە کۆنەوە هەواری هاوین و زستانیان هەبووە و بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانیان و بەرهەمهێنانی بەربووی شیرەمەنی و گۆشت و خوری، گەرمێن و کوێستانیان کردووە.