فوئاد عەلی ئەکبەر: توانای دامەزراوەی شەهیدانی حکوومەتی عێراق زۆر لاوازە

بەسەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و بۆ یەکەم جار کۆنفرانسی کۆبوونەوەی پسپۆڕانی هەرێمیی تایبەت بە کەسانی بێسەروشوێنکراو بەڕێوە دەچێت.

فوئاد عەلی ئەکبەر، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و ڕاوێژکاریی پەرلەمان بۆ کوردانی فەیلی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم کۆبوونەوە زۆر گرنگە، هەروەها ئێمە قوربانی کوردمان زۆرە لە کوردستان و لێرەش قوربانی کوردی فەیلیمان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی بەهیچ شێوەیەک چارەنووسیان دیار نییە، کە زیاتر لە 22 هەزار شەهید هەن، گۆڕی هیچ کامیان نەدۆزراوەتەوە.

گوتیشی: توانای حکوومەت لە دامەزراوەی شەهیدان زۆر لاوازە، ئەو پرۆسەیە پێویستی بەهەوڵی نێودەوڵەتییە، هەروەها پیویستی بەئامێری پێشکەوتوو هەیە، تاوەکوو ئەم کێشەیە چارە بکرێت و چارەنووسی ئەو بێسەروشوێنکراوانە دیاری بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پەیامی ئێمە ئەوەیە، لێکۆڵینەوە لە ڕوفاتەکان بکرێت تاوەکوو ئەوانیش گۆڕێکیان هەبێت تاوەکوو لە دوای ئەم کارەساتە کەرامەتیان پارێزراو بێت،  هەروەها دەبێت لێکۆڵینەوە لە هۆی ئەو تاوانانە بکرێت و دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگا بکرێت بەتایبەتی دۆسیەی تاوانباران.

دەشڵێت: کۆمەڵێک تاوانی گەورە لە عێراق کراون، کە هەندێک لە تاوانبارەکان تاوەکوو ئێستا نەدروانەتە دادگا و تاوانەکانیان شاردراونەتەوە.