56 ساڵە دهۆک پارێزگایە
ئەمڕۆ سێشەممە، 27-05-2025، 56 ساڵ بەسەر بە پارێزگابوونی دهۆک تێ دەپەڕێت.
دھۆک، لە 27ی ئایاری ساڵی 1969کراوەتە پارێزگا، یەکێکە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و ناوەندی پارێزگاکە قەزای دھۆکە. دەكەوێتە پانتایی نێوان زنجیرە چیاكانی شندۆخا لە باشوور و چیای سپی لە باكوور و چیای مام سین لە ڕۆژهەڵات.
ژمارەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە بە زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. لە پارێزگاکەدا کورد، کلدان، ئاشووری و ئەرمەن هەن، هەروەها دانیشتووانەکەی پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام، مەسیحی و ئێزدین. بە یەکێک لە شارە دڵگیرەکانی هەرێمی کوردستان دادەندرێت.
دهۆک، بە شاری پێکەوەژیان دەناسرێت، جیا لەوەش ئەو پارێزگایە بە ناوەندێکی گرنگی گرتنەخۆی ئاوارە و پەنابەران دادەنرێت، لە دوای شەڕی داعش و هەروەها شەڕی چەند ساڵەی سووریا زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە نەتەوە و ئاینی جیاواز روویان لەو پارێزگایە کردووە و لە چەند کەمپێکدا نیشتەجێکراون.
لە پارێزگای دهۆک شەش قەزا هەن، کە بریتین لە قەزاکانی دهۆک، زاخۆ، ئاکرێ، ئامێدی، سێمێل، شێخان و بەردەڕەش. هاوسنوورە لە گەڵ باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، چەندان شوێنەوار و هەڵكۆڵدراوی لێیە. هەروەها چەندان ناوەندی ڕۆشنییریی و زانکۆی حکوومەتی و ناحکوومەتی تێدا هەن.
بە درێژایی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک کراون، بەیەکێک لە پارێزگا سەرنجراکێشەکان دادەندرێت بۆ گەشتوگوزار. بەپێی ئاماری گەشتیاریی دهۆک نزیکەى 900 شوێنى گەشتیارى لەو پارێزگایە هەن.
لە ساڵی 2024دا، لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک، تەنیا لەنێو سەنتەری ئهو شاره، 139 پرۆژە جێبەجێ کراون و ڕەزامەندیيان بۆ وەرگیراوە.