دیندار زێباری: هەرێمی کوردستان بە درێژای مێژوو، سیاسەتی زۆر توند و سەرکوتکاریی بەرانبەر کراوە

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە درێژای مێژوو، سیاسەتی زۆر توند و سەرکوتکاریی بەرانبەر کراوە، وەکوو ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و  تاوانەکانی داعش. 

سێشەممە 27ـی ئایاری 2025،  دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆبوونەوەی پسپۆڕانی هەرێمیی تایبەت بە کەسانی بێسەروشوێن ڕایگەیاند "بە درێژای مێژوو هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتە ئاینی و نەتەوەکانیەوە گەورەترین قوربانی داوە و سیاسەتی زۆر توند و سەرکوتکاری بەرانبەر کراوە."

دیندار زێباری. باسی لەو ڕووداوانە کرد کە لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا بەسەر کوردا هاتووە و ئاماژەی دا، هەرێمی کوردستان، تاوانی زۆری وەک ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و پەلامارەکانی داعشی بەرانبەر کراوە.

گوتیشی: هەشت هەزار بارزانی ئەنفال کران و زیاتر کە 182 هەزار کەسی دیکە لە سنووری گەرمیان و بادینان تاوەکوو ئێستا کاریگەری ئەنفالیان لەسەر ماوە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، دەیان هەزار کوردی فەیلی ڕفێنراون و ئاوارەبوون و کوژراون و ماڵ و موڵکیان داگیر کرا.

لەبارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان باسی لەوە کرد، تاوەکوو ئێستا 75 گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و نزیکەی سێ هەزار و 600 ڕوفاتی ئەنفال گواستراونەتەوە هەرێمی کوردستان. گوتیشی: لیژنەیەکمان بۆ دۆزینەوە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکە پێک هێناوە.

گوتیشی: کوردە ئێزدییەکانیش یەکێکن لە قوربانییە سەرەکییەکان، نزیکەی شەش هەزار و 400 کەس لە کوردانی ئێزدی ڕفێنراون، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ هەزار و 500 ئێزدی بە زیندوویی گەڕاندووتەوە.

بە گوتەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، سەنتەرێکی تایبەتییان بە چارەسەری دەرونیی ڕفێنراوەکان دامەزراندووە کە ئێستا زیاتر لە هەزار کەس چارەسەر وەردەگرن.