ڕۆیتەرز: شاندەکانی ئیسرائیل و سووریا سێ جار کۆبوونەتەوە
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: لەماوەی ڕابردوودا، شاندەکانی ئیسرائیل و سووریا سێ جار کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ئەو گرژییانە کردووە کە لەنێوان هەردوولادا هەیە.
ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە، ئەحمەد دالاتی، فەرماندەی ئاسایشی پارێزگای سوەیدا سەرۆکایەتی شاندی سووریای کردووە بۆ کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی.
سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، تا ئێستا لایەنی سووری و ئیسرائیلی سێ جار لەناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوولا، کۆبوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە کە لەسەرچاوەیەکی سووریاوە پێی گەیشتووە، لە کۆبوونەوەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا، گفتوگۆ لەبارەی گرژییەکان کراوە، بەڵێنیانداوە هەردوولا ڕێگریی لە ئاڵۆزی و گرژی ئەمنی نێوانیان بکەن.
یەکشەممەی ڕابردوو 25ـی ئایاری 2025، تەلەڤزیۆنی نوێی سووریا بڵاوی کردەوە، کاروانێکی ئیسرائیل بە 14 ئۆتۆمبێلی سەربازی و سێ تانک، لە سەر ڕێگای نێوان شارۆچکەی ئەلحەمیدیە و باڵەخانەی پارێزگای قونەیترە لە باشووری سووریا جێگیر کراون.
تەلەڤزیۆنەکە ئاماژەشی داوە، تا دێت هێزەکانی ئیسرائیل پێگەکانی خۆیان لە ناوچەی ئارام زیاتر دەکەن، تاوەکوو ئێستا بە فەرمی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیش لەم بارەوه نەدراوە.
هاوکات، 2ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سووری بڵاوی کردبوەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی سەر بە ڕژێمی ئەسەدیان لە دەوروبەری شاری حەما بۆردومان کرد.
هەمان ڕۆژ، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق، ئەوەش لەپێناو پاراستنی کەمینەی درووزەکان لە سووریا.