عێراق و ئێران پرسی چەکدانانی پەکەکەیان تاوتوێ کرد
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، پرسی چەکدانانی پەکەکە و کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارەیان لەسەر هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران تاوتوێ کرد.
سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی 13 هەمینی نێودەوڵەتی ئەمنی لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبوونەوە.
قاسم ئەعرەجی و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، پرس و دۆسیە ستراتیجییەکانیان تاوتوێ کرد کە بەلای هەردوو وڵاتەوە جێی گرنگین، لەوانەش ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بۆ خۆ هەڵوەشاندنەوە کە کاریگەریی لەسەر هەردوو وڵات هەیە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لەبارەی دۆخی سووریاش گفتوگۆیان کرد، لایەنی ئێرانی دووپاتی کردەوە، لەگەڵ ئاسایش و سەقامگیریی و یەکڕیزیی گەلی سووریان، لایەنی عێراقیش هاوڕابوونی خۆی بۆ هەڵوێستی ئێران دووپات کردەوە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.
12ـی ئایاری 2025 ، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی ڕاگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوە چوو، لەو کۆنگرەیەدا، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
پەکەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوە کردبوو "خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و وێرانکاری لە دژی گەلەکەمان نەهێشتووە، پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندووەتە خاڵی چارەسەرکردن و لەم ڕووەوە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کردووە، لەسەر ئەم بنەمایە، کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لە ژێر سەرکردایەتیی (عەبدوڵلا ئۆجەلان)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن."