ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی کاتی ڤیزای خوێندنی بیانییەکان ڕادەگرێت
بە گوێرەی بەڵگەنامەیەک، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا فەرمانی بە کونسوڵخان و باڵیۆزخانەکانی وڵاتەکەی کردووە ڤیزای خوێندنی قوتابیانی بیانی ڕابگرێت و هەرکەسێکیش داواکاری پێشکەش بکات، دەبێت تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی بپشکێندرێت.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، بەڵگەنامەیەکیان بەدەست گەشتووە، کە تێیدا هاتووە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا فەرمان بە سەرجەم کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان کردووە بەشێوەیەکی کاتی پێدانی ڤیزا بە قوتابییانی بیانی ڕابگرن، تاوەکوو بڕیاری نوێ لەلایەن وەزارەتی دەرەوە دەردەچێت.
هەروەها بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، هەر قوتابییەک داواکاری ڤیزا پێشکەش بکات، ئەوە ئەکاونتەکانی لە سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەپشکێنرێت.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، پرۆسەیەکی جددیمان بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەست پێکردووە کە بۆ خوێندن و هەر مەبەستێکی دیکە ڕوو لە ئەمەریکا دەکەن.
گوتیشی: ئامانجی دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕوبیۆ بۆ دڵنیابوونە لەوەی ئەو کەسەی دێتە ئەمەریکا ئاشنای یاساکان بێت، مەرامی هیچ تاوانێکی نەبێت، بەڵکو مەبەستیانە ئەزموونی خۆیان لێرە پێشکەش دەکەن.
هەفتەی ڕابردوو، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ڕاگەیاند، لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، لە سەرەتای دەست بەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ تاوەکوو ئێستا هەزاران ڤیزایان ڕەت کردووەتەوە.