تامی بروس: ئەمەریکا کار بۆ وەبەرهێنان و باشترکردنی ئابووری سووریا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ پشتیوانیکردن و گەڕانەوەی ئابووری سووریا و ڕاکێشانی وەبەرهێنان بۆ وڵاتەکە.

تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆتایی هەفتەیی ڕابردوو، چەندین هەنگاوی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی دیدگای دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریایەکی سەقامگیر نرا.

ئاماژەی بەوەش کرد، "تۆماس باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا لە ئیستەنبوڵ کۆبووەتەوە."

گوتیشی، "هەنگاوی گرنگ بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا نراوە، ڕۆژی هەینی، مارک ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بۆ ماوەی 180 ڕۆژ کارکردن بە سزاکانی یاسای قەیسەری ڕاگرت.

تامی بروس، باسی لەوەش کرد، لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و جیهانییەکانمان کاردەکەین بۆ کردنەوەی دەرگای وەبەرهێنان لە سووریا، هەروەها "هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا ئامانجە سەرەکیەکانمان بەرەوپێش دەبات، ئەویش شکستپێهێنانی هەمیشەیی داعشە لە ڕێگەی پێدانی دەرفەت بە گەلی سووریا بۆ داهاتوویەکی باشتر."

جەختیشی کردەوە، "ئەمەریکا سەرنجی لەسەر شکستپێهێنانی داعش و لەناوبردنی ئەو تیرۆریستانە دەبێت کە هەڕەشە لە ئەمەریکییەکان دەکەن."

 

 
Fly Erbil Advertisment