وەزیری تەندروستی: لە هەرێمی کوردستان هۆکاری یەکەمی مردن، نەخۆشییەکانی دڵە

وەزیری تەندروستی دەڵێت: بەشێک لەڕاگەیاندنەکان ئاماری ناڕاست لەبارەی نەخۆشی ئایدز بڵاو دەکەنەوە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند: ئێستا خەریکی دروستکردنی ژمارەیەک سەنتەری تایبەتن بە نەخۆشییەکانی دڵ لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، لە هەندێک سەنتەر، ئامێری قەستەرەی دڵ دابین کراوە.

وەزیری تەندروستی گوتی: بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان ئاماری ناڕاست دەربارەی ئایدز بڵاو دەکەنەوە، لە کاتێکدا ساڵانە ئامار لەبارەی ئایدز بڵاو دەکەینەوە، جیاوازی لەنێوان هەڵگر و توشبووی ئایدز هەیە.

باسی لەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستان هۆکاری یەکەمی مردن، نەخۆشییەکانی دڵە.

لەبارەی تای خوێنبەربوون وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد، سێ حاڵەتی تای خوێنبەربوون هەن.

وەزیری تەندروستی لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24ـی ڕایگەیاند:  یەکێک لەو تووشبوانەی تای خوێنبەربوون، دانیشتووی شاری مووسڵە، بەڵام بۆ چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.  تەندروستیی هەر سێ تووشبووەکە باشە و جێگیرە.

سامان بەرزنجی گوتیشی: تیمەکانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان مانگانە هەزاران پشکنینی نەخۆشییە گوازراوەکان بۆ هاووڵاتییان دەکەن، کە ئایدزیش لە نەخۆشییە گوازراوەکانە.

دوو حاڵەتی هەڵگری نەخۆشی ئایدز لە شاری سلێمانی کە هاوژینن، تۆمارکراون و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment