عێراقییەک لە ئەڵمانیا ھەرا دەنێتەوە
پۆلیس: کردەوەکە بە ئامانجی تیرۆریستی ئەنجام دراوە
K24 - ھەولێر
لە کردەوەیەکی تیرۆریستی جیاواز دا، کەسێکی عێراقی بووە هۆکاری پێداکێشانی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر رێگایەکی گشتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و شەش کەس بریندار بوون و داواکاری گشتیش ئەو کارەی بە کردەوەیەکی تیرۆریستی لە قەڵەمدا.
گوتەبێژی داواکری گشتی بەرلین رایگەیاند، ئەو کارە بە ئامانج کراوە و ئەنجامدەرەکە کەسێکی توندڕەوی ئیسلامی بووە.
میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویان کردەوە کە ئەنجامدەرەکە کەسێکی عێراقییە و تەمەنی 30 ساڵە و لەکاتی ئەنجامدانی کارەکەشی هوتافی ئەلاهوئەکبەری کێشاوە، ئەویش دوای ئەوەی بووە هۆکاری خۆپێکداکێشانی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و مۆتۆڕسیکل لەسەر رێگای خێرای بەرلین.
بە گوتەی چەند شایەتحاڵێکیش ئەنجامدەرەکە هۆشداری داوەتە شۆفێر و سەرنشینا کە ئەگەر نزیکی ببنەوە دەمرن و هەڵگری بۆمبە، دواتر لەلایەن پۆلیس دەستگیر كرا.
پۆلیسی بەرلین بەهۆی رووداوەکە چەند کاتژمێرێک رێگاکەی داخست و هیچ بۆمبێکی نەدۆزیەوە.