خواردنی حەوت جۆر سەوزە و میوە دەبێتە هۆی سووتاندنی چەوری زیاتری جەستە
هەندێک خۆراک هەیە کالۆرییان کەم تێدایە و بە ڕیشاڵ و ئاو دەوڵەمەندن و وا لە جەستە دەکەن وزەی زیاتر بسوتێنێت، واتە مرۆڤ ئەگەر بڕێکی زۆریشیان لێ بخوات، بڕێکی کەم کالۆرییان لێ وەردەگرێت.
ڕۆژنامەی 'تایمز ئۆف هیندستان' بڵاوی کردووەتەوە، ئەم خۆراکانە برسییەتی سنووردار دەکەن، لە هەمان کاتدا کێش دادەبەزێنن، هەروەها وەک ژەمێکی سووک هەژمار دەکرێن.
ئەو خۆراکانە بریتین لە:
1-کەرەوز
لەبەرئەوەی کەرەوز زۆر سووکە و دەوڵەمەندە بە ئاو، بژاردەیەکی باشە کاتێک هەست بە بێزاریی لە خواردنی خۆراکی قورس دەکەیت و دەتەوێت ژەمێکی سووک بخۆیت.

2-مزرەمەنییەکان
میوەکانی پرتەقال و لیمۆ کە بەڕیشاڵ و ئاو دەوڵەمەندن و تامێکی خۆشیان هەیە، هەروەها دەوڵەمەندن بە ڤیتامینەکان و یارمەتیی کۆنترۆڵی ئارەزووی زۆرخواردن دەدەن.

3-سەوزە گەڵادارەکان
ئەو سەوزە گەڵادارانەی کە زۆر گرنگییان هەیە، وەک (کاهوو، سپێناغ و جەرجیر) کە بە سەوزەواتە هەرە گرنگەکان هەژمار دەکرێن و کالۆرییان کەمە، دەتوانرێت بەڕێژەیەکی زۆر بخورێن، تامێکی جیاوازیان هەیە و یارمەتی هێواشکردنەوەی خواردن دەدەن، بەمەش بەخێرایی هەست بە تێری دەکەیت.

4-خەیار
خەیار یەکێکە لە بژاردە باشەکان، چونکە زیاتر لە ئاو پێک هاتووە، وە یارمەتی شێداریی جەستە دەدات. ئەگەر بکرێتە زەڵاتە، سک تێر دەکات و کالۆریش کەم دەکاتەوە.

5-توو
خواردنی توو و بلوبێری، ئەو میوانەن شەکریان کەم تێدایە و ڕیشاڵیان زۆرە و بەدەم ڕۆیشتنەوە دەتوانرێت بە ئاسانی بخورێن، هەروەها کاتێک ئارەزووی شیرینی دەکەیت بژاردەیەکی باشە توو بخۆیت، تامێکی خۆشی هەیە.

6-بیبەری شیرین
بیبەری شیرین دەوڵەمەندە بە ئاو. بە کاڵی، یان برژاوی یان پارچە پارچەکراو وەک ژەمێکی سووک دەخورێت و زۆر باشە. بیبەری شیرین بە درێژایی ڕۆژ یارمەتی پاراستنی وزە دەدات.

7-کوولەکە
کوولەکە تامێکی خۆشی هەیە و بەئاسانی ئامادە دەکرێت، دەتوانرێت بخرێتە ناو چەندین خواردنی جیاوازەوە و نابێتە هۆی زیادبوونی کالۆری، بەمەش چەندین سوود دەبەخشێت لەگەڵ پاراستنی کێش.
