سامان بەرزنجی: پێویستە هەندێک بڕگەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر هەموار بکرێنەوە

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە بارودۆخی ئێستادا، پێویستە هەندێک لە بڕگەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، هەموار بکرێنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، ڕایگەیاند لە  کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین یاسا و بۆ یەکەمین جار بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2020 بە 10 بڕگەی جیاواز چۆنییەتی بەرەنگار بوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەرچوو، ڕەنگە لە بارودۆخی ئێستادا هەندێک لە بڕگەکان پێویستیان بە هەموارکردنەوە بێت."

وەزیری تەندروستیی دەشڵێت:  وەزارەتی تەندروستیی، لە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تێیدا بەشدارن، هەموو مانگێک کۆبوونەوە و کاروچالاکییەکانی دەکات.

دەشڵێت: لەم یاسایەدا، ڕێنمایی ئاسایی جێبەجێکردنی ئەم یاساییە دەرچوو بە ژمارە 10 لە ساڵی 2023، هەروەها پەیرەوی ستراتیجییەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان دانرا و ئەوەش لە چوار تەوەر پێک هاتووە.

تەوەری یەکەم: لایەنە یاساییەکانە، بەشێکیشی لایەنی قەزاییە و دادگاکان ڕۆژانە کاری لەگەڵدا دەکەن. دووەمیان: چارەسەر و شیاندنەوەیە. سێیەمیان: ڕێگەگرتن و بەرەنگاربوونەوەیە و چوارەمیش هۆشیاریی گشتییە.

باسی لەوەش کرد، کێشە و گرفتەکانی ماددەی هۆشبەر جیاوازە، بەشێكیان لایەنی تەندروستییە، بەشەکەی دیکەش لایەنی کۆمەڵگایە. یەکێک لە گرفتەکانی هەرێمی کوردستان، وڵاتانی دەوروبەر و شوێنی جوگرافیایە، چونکە کوردستان وەکو ترانزێت بەکاردێت لە نێوان چەند وڵاتێک و لکاندنی بە هەندێک بەشەکانی دیکەی عێراق و هەندێک وڵاتانی دیکە.

ڕاشیگەیاند "گرفتێکی دیکە، بەشێک لە سنوورە نافەرمییەکانە کاتێک جموجڵێک دەبێت، دەرفەت بە بابەتی نایاسای بە بازرگانی کردن و ماددەی هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەدرێت. و هەندێک گرفتی دیکە هەبوو چارەسەر کراوە، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بەتایبەت لە کۆنترۆڵکردنی جۆری دەرمان کە ماددە هۆشبەرەکان بەشێکی گرنگی پێکهاتەکانی دەرمان و ئازارشکێن و کۆمەڵێک بابەتی پزیشکییە، بەڵام خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان لە ڕووسی چاکسازییەوە شۆڕشی لە چۆنییەتی هاتنە ژوورەوەی تا دەگاتە بازاڕ و چاودێریکردن، کردووە."

بەپێی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 388 تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون، کە 173 کەس بەکارهێنەر بوونە، 143 بازرگانی ئاسایی بوون، 72 کەسیش بازرگانی نێودەوڵەتی بوون، هەروەها لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا نزیکەی هەزار تۆمەتبار بەهەر سێ جۆرەکەوە دەستگیر کراون.

 ماددەی هۆشبەر وەرگێڕدراوی وشەی "Narcotic"ی گریکییە و بە واتای "بێهۆشکردن" یان "لەهۆشخۆچوون" دێت، ئەمەش واتای ئەوەیە هۆشی مرۆڤ دەبرێت و لە حاڵەتی سروشتی خۆی دادەبڕێت، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئاڵوودەبوون و ژەهراویبوونی کۆئەندامی دەمار. ماددە هۆشبەرەكان لە ڕێگەی (دەم، دەرزی و کوتان، بۆنکردن، کێشان و هەڵمژین، خستنەژێر زمان و ناو کۆم) بەکار دەهێنرێن.

 جۆرەکانی دەشێت سروشتی بن، لە شێوەی گەڵا و گوڵ و ڕەگی دار، یان نیمچە دەستکرد بن و لە جۆرە سروشتییەکانەوە وەربگیرێن، یان لە تاقیگەدا بە شێوەی حەپ و دەرزی ئامادە دەکرێن، کە بریتین لە (تلیاک، مۆرفین، کۆدایین، هیرۆیین، حەشیش، کراک، شیشە، پیسیدین، میسادۆن، بێنزۆدیازپین، ئەمفیتامینەکان، کۆکاین، ئیفیدرین، بەنگ، فینسیکیدین، هایدرۆکلۆریک، داتورە، کوکا، خات یان فات، کراتم، ناس، متادون،  پاپاورین،  پتادین).

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment