کۆشکی سپی سوپاسی ئیلۆن ماسک دەکات

کۆشکی سپی سوپاسی ئیلۆن ماسکی کرد بەرانبەر ئەو خزمەتەی لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا پێشکەشی کرد، ئەو سوپاسنامەیەی کۆشکی سپیش دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بە کۆتایی هاتنی ئەرکی  ماسک کرد و ڕایگەیاند: ئیلۆن ڕۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکانی وڵات.

کارولین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی:" سوپاسی کار و خزمەتەکانی ئیلۆن ماسک دەکەین بەتایبەت لە کەمکردنەوەی بەهەدەردان و فێڵ و خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی".

لە پەیامێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئیلۆن ماسکی سەرمایەداری بەنێوبانگی ئەمەریکا و جیهان نووسیوویەتی:" لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەرکەکەم لە حکوومەت، سوپاسی دۆناڵد ترەمپ دەکەم دەرفەتی ئەوەی پێدام سنوورێک بۆ بەهەدەردانی خەرجی ناوخۆیی دابنێم"، لە پەیامەکەیدا ماسک دەڵێت:"بە تێپەڕبوونی کات و ڕۆژ، ئەرکی (دەستەی توانای حکوومی) زۆر پێش دەکەوێت، بەڵام ئەگەر ئەو شێوازە لە تەواوی حکوومەت پەیڕەو بکرێت".

ئەو دەست لەکارهەڵگرتنەی ئیلۆن ماسک لە ئەرکە حکوومییەکەی، ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ڕەخنەی لە دیارترین بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ گرت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی، یاساکانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو جۆرە کارمەندانە 130 ڕۆژ کاردەکەن، واتە ماسک ناچاربووە تا کۆتایی مانگی ئایار دەست لە کار بکێشێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردووە، ئەگەری ئەوە هەیە لەنێو ئۆفیسی دۆناڵد ترەمپ هەوڵ بدرێت ئیلۆن ماسک بۆ ماوەیەک درێژە بە ئەرکەکەی بدات ئەگەر ئەرکەکەشی بگۆڕدرێت.

ڕۆڵی ئیلۆن ماسک وەکو ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی هەفتەکانی رابردوو زۆر کەمبووەوە، بەر لە مانگێکیش، ئیلۆن ماسک ڕایگەیاند:" لە مانگی ئایاردا کاتێکی زۆر کەمتر بۆ کارکردن لە کەمکردنەوەی خەرجیەکانی حکومەت تەرخان دەکات.

لەبری ئەوە، ئیلۆن ماسک بڕیاریدا کاری زیاتر لەسەر کۆمپانیایەکەی خۆی بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی(تێسلا) بکات کە ئاستی فرۆشتنی لەماوەی هەفتەکانی دوایی زۆر دابەزیووە بەهۆی ئەوەی ئیلۆن ماسک پشتیوانی لە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ کردووە.

هەرچەند بڕیایدا تیشکی زیاتری کارەکانی بخاتە سەر کۆمپانیای تێسلا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ هیچ ڕێگرییەکی لێ نەکرد و گوتی:" پێویستە ڕێی لێ نەگرین و دەرفەتی بدەین بڕوات بۆ ئەوەی کاری زیاتر لە کۆمپانیاکانی خۆی بکات".