میسال ئالوسی: سیاسەتی برسیکردن سیاسەتی فاشییەکانە

میسال ئالوسی، سیاسه‌تمه‌داری عێراقی دەڵێت: سیاسەتی برسیکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، سیاسەتی فاشییەکانە و شکستخواردووە.

لە چاوپێکەوتنێکی کوردستان24، میسال ئالوسی، سیاسه‌تمه‌داری عێراقی لەبارەی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە گوتی: پرسیارم لە تەیف سامی و سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی ئەوەیە، ئێوە و سەدرییەکان ناکۆکیتان هەیە، دەتوانن مووچەی سەدرییەکان ببڕن؟ یاخوود پیاز لەسەر گوێچکەتان سوور دەکەنەوە.

ئالوسی پرسیار لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی فیدراڵ دەکات و دەڵێت: دەتوانن مووچەی سوننەکان لە ئەنبار ببڕن کە کەسوکاری منن؟ ئەگەر ئەوە بکەن، بە دوو ڕۆژ حکوومەتەکەتان دەڕووخێنن، چونکە سوننەکان لە حکوومەت دەکشێنەوە.

ئەو سیاسەتمەدارەی عێراق دەڵێت: سیاسەتی، بەکارهێنانی  سیاسەت و ناکۆکییە سیاسییەکان بۆ برسیکردنی هاووڵاتییان، سیاسەتێکی فاشییە.

بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ناڕەزایی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بەشێکی عێراقیشی لێکەوتووەتەوە، لەنێو خۆدا ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکان بەیاننامەی ناڕەزاییان دژی حکوومەتی فیدراڵ بڵاوکردەوە و بڕیاری حکوومەت و وەزارەتی دارایی فیدراڵییان بە بڕیارێکی شۆڤێنی وەسفکردووە.

دوێنێ، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداری لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد، پێشکەشی دەکات  دووپاتی کردەوە، عێراق ڕێز لە ڕێککەوتنەکان ناگرێت و بەردەوام پێشێلی دەستووری کردووە، گوتیشی: ئەگەر پێش جەژن بەغدا مووچە نەنێرێت، ئەوا ئەو کات سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردسستان لە ئاستی باڵا بڕیاری خۆی دەدات.