وەزارەتی تەندروستی: حاڵەتێکی تووشبووی تای خوێنبەربوون لە ڕانیە تۆمار کرا

تۆمارکردنی حاڵەتێکی تووشبووی تای خوێنبەربوون لە ڕانیە
تۆمارکردنی حاڵەتێکی تووشبووی تای خوێنبەربوون لە ڕانیە

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمارکرا، کە گەنجێکی تەمەن 29 ساڵە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە، تووشبووەکە دانشتووی شارەدێی بۆسکین سنووری ڕانییە لە دەڤەری ڕاپەرین، کە پیشەی ئاژەڵدارە و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە.

هەروەها ئاماژەی داوە، دوای گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی و چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، ئێستا تووشبووەکە لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێرییە و تەندروستی جێگیرە.

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، داوا لە هاووڵاتییان دەکات و بۆ خۆپارێزی پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن و لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشییەکە لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگادار بکەنەوە.

هەروەها هاووڵاتییانی بەرکەوتووی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لە کاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی و بێ دواکەوتن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.

تاوەکوو ئێستا چوار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و سێ لە تووشبووەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، تەنیا یەکێک لە حاڵەتەکان، کە ئافرەتێکی تەمەن 45 ساڵ و دانیشتووی شارەدێی شێلادزێ سەر بە شاری ئامێدی بوو، بەهۆی خراپی تەندروستیی لە نەخۆشخانەیەکی دهۆک گیانی سپارد.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment