دەم پارتی لە پاکێجەکەی ئاکپارتی لەبارەی هەمواری یاسای سزادان ناڕازییە

لۆگۆی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)
لۆگۆی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)

دەم پارتی وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ پرۆسەی ئاشتی داوای کردبوو چاکسازی یاسایی بکرێت، لە ئەنجامدا ئاکپارتی 10یەمین پاکێجی هەمواری یاسای سزادانی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد، بەڵام بەرپرسانی دەم پارتی دەڵێن، چاوەڕوانییەکانییان لە پاکێجەکە جێی نەکراوەتەوە.

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە پارتی دەسەڵاتداری تورکیایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، 10ـەمین پاکێجی هەمواری یاسای سزادانی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرد کە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ پرۆسەی ئاشتی داوای کردبوو، بەڵام بەرپرسانی پارتەکە دەڵێن، چاوەڕوانییەکانیان لە پاکێجەکە جێی نەکراوەتەوە.

عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا لەوبارەوە گوتی: "پاکێجەکە هەموارکردنەوەی یاسای سزادان و هەشت یاسای دیکە لەخۆدەگرێت، لە 30 ماددە پێک هاتووە و ڕۆژی 31 ئەم مانگە لە لیژنەی دادی پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. ئامانجمان لە هەموارەکە، هێنانەدی دادپەروەرییە لە جێبەجێکردنی یاسای سزادان و هاوکات ڕێگریکردنە لە تاوان و بەدیهێنانی ئاسایش کۆمەڵایەتی."

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی داد، زیاتر لە 403 هەزار سزادراو لە زیندانەکانی تورکیادا هەن. سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی باسی لەوەش کرد "لە هەموارەکەدا 19 هەزار و 800 زیندانیکراو سوودمەند دەبن، کە بۆ دووەم جار تاوانیان کردووە و پاش بەسەربردنی سێ لەسەر چواری سزاکەیان لە زیندان، بە مەرج ئازاد دەکرێن، ژنان و منداڵان سوود لە هەموارەکە وەردەگرن. هەروەها پێشبینی دەکرێت 1500 بۆ 2000 زیندانی نەخۆش سوود لە هەموارکردنەکە وەربگرن."

عەبدوڵا گولەر ئەوەشی خستە ڕوو "لە چوارچێوەی بەدیهێنانی ئامانجەکانی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، هەوڵ و کاری زۆر بە پەرۆش و دڵسۆزانەمان هەیە. لە ڕۆژانی داهاتوودا لەم چوارچێوەیەدا، لە ڕووی ئاسایش و ئارامیی کۆمەڵگاکەمانەوە، بەردەوام دەبین لە کار و ئامادەکارییە جدییەکانمان. ئەگەر پێویست بکات هەمواری دیکەی تایبەت بە پرۆسەکە ئامادە دەکەین."

لە لایەکی دیکەوە سێزای تەمەلی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاندووە، لە پاکێجەکە کەموکوری زۆر جددی هەیە و چاوەڕوانییەکانییانی لەخۆ نەگرتووە. گوتیشی: گرنگترین بابەت ئەوەیە پاکێجەکە هەموارکردنەوە لە یاسای زیندانییانی سیایسی لەخۆبگرێت، بەڵام لە پاکێجەکەدا نەهاتووە، بۆیە کار دەکەن و هەوڵی نەهێشتنی کەموکوڕییەکانی پاکێجەکە دەدەن. 

ئەمە لە کاتێکدایە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات، چاکسازیی یاسایی بکەن، تا عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و بەشێکی زۆری زیندانیانی سیاسیی کورد کە چەندان ساڵە بە تۆمەتی جیاواز لە زینداندان، ئازاد بکرێن. 

هەفتەی ڕابردوو، دوران کاڵکان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پەکەکە لە نوێترین لێدواندا، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، بە میدیای ڕێکخراوکەی ڕاگەیاند "حکوومەتی تورکیا تەنانەت بچوکترین چاکسازیی یاسایی پێویستیشی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەکردووە. ناکرێت پرۆسەکە بە هەنگاوی تاکلایەنە یان تەنها گوتاری نیازپاکی بەردەوام بێت. دەبێت دەسەڵات هەنگاوی جددی بۆ بنێت."

وەکوو ئەوەی دوران کاڵکان باسی کرد "پەکەکە بڕیاری داوە کە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی 12ـەمین کۆنگرە پەیوەستە بە کارکردنی ئازادانەی ئۆجەلان. بەڕێوەبردنی پرۆسەی چەک دانان تەنیا بە خودی ئۆجەلان بەڕێوە دەچێت و ئەگەر ئازادیی کارکردنی بۆ دابین نەکرێت، پەکەکە هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانێت. جگە لە ئۆجەلان کەسی تر ناتوانێ چەک بە پەکەکە دابنێت. دەسەڵات هیچ جددییەتەکی نییە، بۆیە وەک پەکەکە پەلە ناکەین لە بڕیاردان."