نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی دارایی بووەتەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی دارایی بووەتەوە، بۆیە دەستی بەکەمکردنەوەی خەرجییەکان کردووە. هۆی سەرەکیی قەیرانەکەش، نەدانی پارەیە لە لایەن ئەندامانی ڕێکخراوەکەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو ڕێکخراوەی وڵاتان لە کاتی قەیرانەکاندا، چاویان لە دەستی بوو، ئێستا خۆیشی قەیرانی دارایی هەیە و دەیەوێت سەدا 20ی خەرجییەکانی خۆی کەم بـکاتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو گەورەترین ڕێکخراو لەسەر ئاستی جیهان داوای لە 60 نووسینگە و ئاژانسی کردووە ئامادەکاری بۆ کەمکردنەوەی سەدا 20ی خەرجییەکانیان و دەرکردنی لانیکەم لەسەدا 15ی فەرمانبەرەکانیان بکەن، ئەوەش بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە قووڵەی ڕووی لە ڕێکخراوەکە کردووە و چیتر ناتوانێت وەکوو جاران خەرجییەکانیانی دابین بکات.
بەگوێرەی ستیڤانی دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارەکە کاریگەری لەسەر مووچەی 14 هەزار پۆست دەبێت.
بڕیاری کەمکردنەوەی خەرجییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نوێ نییە، بەڵکوو هاوینی ڕابردوو وەکو دەستپێشخەرییەک لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێزەوە پەسەند کراوە، ئەمساڵیش دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یەکێک لەو ئاژانسە سەرەکییانەش کە بەر بڕیاری کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەکەوێت، ڕێکخراوی بەدەمەوەچوونی پەنابەرە فەڵەستینیەکان ناسراو بە 'ئۆنروا'ـیە. هاوکات ڕێکخراوی خۆراکی جیهانیش وەکو باڵێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەدا 30 خەرجییەکانی کەم دەکاتەوە، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانیش لە سەدا 30 بەهەمان شێوە کەم دەکاتەوە.
یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکانی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بریتییە لەوەی وڵاتانی ئەندام پارەی ساڵانەی خۆیان لەکاتی خۆیدا نادەن، بۆ نموونە ساڵی ڕابردوو لە کۆی 194 ئەندامی ڕێکخراوەکە 41 وڵاتیان پارەی ئەندامبوونیان نەداوە، کە یەکێکیان ئەمەریکایە و دابینکەری لەسەدا 22ی کۆی خەرجی ڕێکخراوەکەیە.
چاوەڕوان دەکرێت کەمکردنەوەی خەرجی نەتەوە یەکگرتووەکان کاریگەری لەسەر سەقامگریی هەندێک ناوچە لە جیهاندا هەبێت، چونکە ڕێکخراوەکە لە ئێستادا 11 ئەرکی هێزی ئاشتی پارێزی چالاکە، هەرجۆرە کەمکردنەوەیەک ئاستەنگ بۆ کارەکانی ئەو هێزانە دروست دەکات.
خەرجی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەمساڵ سێ ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بووە، بۆ ساڵی داهاتوو ئەم بڕە کەم دەبێتەوە.