شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دیمەشقە

شاندێکی بەڕێوەبەراتیی خۆسەر لە دیمەشقە
شاندێکی بەڕێوەبەراتیی خۆسەر لە دیمەشقە

ئەمڕۆ شەممە، 31-05-2025، شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی نوێی سووریا، گەیشتە دیمەشق . 

شاندەکە لە (فەوزە یوسف، عەبد حامد مەهباش، ئەحمەد یوسف، سەنحەریب بەرسووم، سۆزدار حاجی، مەریەم ئیبراهیم و یاسر سلێمان) کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، پێک دێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، شاندەکە گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی تێکەڵکردنی دامودەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەنێو حکوومەتی نوێی سووریا و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا دەکەن. 

پێشتر عەبد مەهباش، ئەندامی شاندەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، شاندەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، جیاوازە لەو شاندە هاوبەشەی لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی لە قامشلۆ، پێک هێنراوە.

ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی عەبدی و شەرع

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد. 

ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە:

1- گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.

2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونیان دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ دابین دەکات.

3- ڕاگرتنی شەڕ لەنێو هەموو خاکی سووریادا.

4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان.

5-گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.

6- پشتیوانیی دەوڵەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی.

7-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و ڕق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.

8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێ نەپەڕێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment