سەردار قادر: بەغدا 33 ماددەی دەستووری بەرانبەر کوردستان پێشێل کردووە
پسۆڕێکی یاسایی و دەستووری ڕایگەیاند، بڕیارەکەی حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەم کاتەدا، بڕیارێکی سیاسییە. گوتیشی: ئەو بڕیارە ڕێک لە لایەن مالیکی و قەیس خەزعەلیەوە دەرچووە، بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان.
د. سەردار قادر، پسۆڕی یاسایی و دەستووری بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیارەکەی حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەم کاتەدا، بڕیارێکی سیاسییە، کە گرووپێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە دەریان کردووە، کە تەنیا مەبەستیان بڕینی مووچە نییە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئایا ئەوەی حکوومەتی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکات، بەپێی دەستوور و ڕێنماییەکانی بودجە و هەموو ئەو ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییانەی هەیە دەگونجێت بەرانبەر بە گەلێک بکرێت؟ بێگومان نەخێر.
سەردار قادر باسی لەوەش کرد، حکوومەتی عێراق لە 54 شوێنی دەستووری عێراقیدا کە دەکاتە 33 ماددە، تایبەتە بە ژیانێکی شایستە بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، پێشێلیی کردووە، ئەمەش وادەکات ئێمە لە عێراق بە هاووڵاتی پلە دوو هەژمار بکرێین، چونکە کە ئەوان مووچە وەردەگرن دەبێت ئێمە چاوەڕوانی مووچە بین، واتە ئەوەی ئەوان دەکەن بەگوێرەی یاسا و دەستوور وەک مامەڵە کردنە لەگەڵ هاووڵاتی پلە دوو.
جەختیشی کردەوە، بەغدا بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە وەک هەرێمی فیدراڵ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها هەرکاتێک هاوکێشەیەکی سیاسیی دروست دەبێت داوا دەکات یان لەگەڵ ئەو بین یان دوژمنی ئەوین. گوتیشی، ئێستا هەندێک جووڵەی سیاسیی هەیە لەهەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی دیپلۆماسیی و پشتیوانیی نێودەوڵەتی، ئەوانی زیاتر نیگەران کردووە.
دەشڵێت: ڕەنگە سبەینێ هادی عامری و حەیدەر عەبادی بێنە هەرێمی کوردستان پەیامێکیان پێ بێت و بڵێنە هەرێمی کوردستان، ئێوە لەکوێی ئەو گۆڕانکارییەدان کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بووە؟ هەروەها لەناوخۆیاندا کێشەیان هەیە ئەیانەوێت حکوومەتەکەی سوودانی بڕوخینن، ئەمەش وای کردووە قینی خۆیان بە ئێمە بڕێژن چونکە ئێمە یەکێکین لەوانەی پشتیوانیی سوودانی دەکەین و لەگەڵ ڕەوتە سیاسییەکەداین کە دەیەوێت هەژموونی ئێران لە عێراق کەم کاتەوە.
دەشڵێت: لەکۆی 23 وەزارەت 12 وەزارەت لە ژێر دەستی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەمەش بڕیار لای ئەوانە، لەوانەش چوار وەزارەت تەنیا لای حزبەکەی نووری مالیکییە، لەوانە وەزارەتی نەوت، دارایی و پلاندان، کەواتە ئەو بڕیارەی دەرچووە ڕێک لای مالیکی و قەیس خەزعەلییەوەیە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 31-05-2025، کۆبوونەوەی گرنگ و بەرفراوانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی گشتیی ئێستای عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکرێت. هەروەها هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بەرانبەر بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجنەکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەینرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێ پەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە".
دوای بڕیارەکە، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ڕای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە و، بە سیاسی کردنی قوتی خەڵکە."
مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش کردووە "ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان لە 2-6-2025، دەخەینە بەرباس و بڕیاروەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان، ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین."
هەمان ڕۆژ، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "دوای گفتوگۆیەکی دوور و درێژ، فراکسیونە کوردستانییەکان نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی دەرهەق بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە دەچێتە خانەی برسی کردنی هاووڵاتییانەوە."