له هه‌ولێر دوو باندی دزیكردن ده‌ستگیركران
باندێكیان چوار ساڵ پێش ئێستا تاوانه‌كه‌یان كردووه

K24 – هه‌ولێر:
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر له دوو راگه‌یه‌ندراودا، هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی دوو باندی دزیكردنی بڵاوكرده‌وه. به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كان، 8 تۆمه‌تبار به‌و هۆیه‌وه ده‌ستگیركراوون.
له راگه‌یه‌ندراوی یه‌كه‌مدا، ئاسایش رایگه‌یاندووه، ساڵێك پێش ئێستا له گه‌ڕه‌كى هه‌ولێرى نوێ بڕى (100.000) سه‌د هه‌زار دۆلارى ئه‌مه‌ریكی له ماڵى هاووڵاتییه‌ك دزرا بوو، دوای ساڵێك لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی ئه‌و دۆسیه‌یه به فه‌رمانی دادوه‌ر توانرا چوار تۆمه‌تبار ده‌ستگیر بكرێن و ئه‌و ده‌ستگیركراوانه له به‌رده‌م دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه دانیان به‌تاوانه‌كه‌یان داناوه و به‌پێى مادده‌ى (443) له یاسایى سزادان راگیراون.
له راگه‌یه‌ندراوی دووه‌میشدا ئاسایش ئاشكرایكردووه، كه باندێكی دیكه‌ی چوار كه‌سیان ده‌ستگیركردووه، كه چوار ساڵ پێش ئێستا له گه‌ڕه‌كی پێنجی حه‌سارۆكان دزیان له ماڵی هاووڵاتییه‌ك كردبوو و بڕی 22 ملیۆن دینار، 375 مسقاڵ زێڕ، چوار هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و 3 ده‌مانچه‌یان دزی بوو.
ئاسایش روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و چوار كه‌سه‌ی ده‌ستگیركراوون به تۆمه‌تی ئه‌و تاوانه له‌به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه دانیان به تاوانه‌كه‌یان ناوه و به گوێره‌ی مادده‌ى (443) له یاسایى سزادان راگیراون.