مەسرور بارزانی بۆ بەرپرسی لقەکانی پارتی: لە ئاست ئەرکە گرنگەکانتاندا بن و نزیک بن لە خەڵک
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێنمایی پێویستی بە بەرپرسی لقەکانی پارتەکە دا و ڕایسپاردن کە لە ئاست ئەرکە گرنگەکانیاندا بن و نزیک بن لە خەڵک.
شەممە 31ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسی لقەکانی پارتی کۆبووەوە کە بەم دواییانە ئەرکی بەرپرسیاریەتیی لقەکانیان پێ سپێردراوە.
جێگری سەرۆکی پارتی، ڕێنمایی پێویستی پێدان و ڕایسپاردن کە لە ئاست ئەرکە گرنگەکانیاندا بن و نزیک بن لە خەڵک و بەشێوەیەکی باشتر و زیاتر خزمەتی خەڵک بکەن، چونکە پارتی لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دامەزراوە و ئامانجی سەرەکی پارتی، خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها تیشک خرایە سەر دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە، لەم بارەیەوە جێگری سەرۆکی پارتی ، جەختی کردەوە کە خەڵکی کوردستان هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت و دەبێت ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی بگیرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، پارتی وەک هەمیشە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردنە لە مافەکانی گەلی کوردستان.




