بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بەڕێوە دەچێت
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بەڕێوە دەچێت و بڕوانامەی دەرچوون بە 93 قوتابی دەدرێت.
کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 01-06-2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی حەوتەمین خولی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بەڕێوە دەچێت. لە ئاهەنگەکەدا، ژمارەیەک کەسایەتی و میوانی ناوخۆیی و بیانی بەشدار دەبن.
ئەمە شەشەمین ئاهەنگی حەوتەمین خولی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستانە لە دهۆک، چونکە لە ساڵی 2020، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاهەنگەکە نەکرا، دواتر لە ساڵی 2021 هەردوو ئاهەنگەکە یەک خران.
لەم خولەدا، 93 قوتابیی هەر چوار کۆلێژی هونەر و زانستەکان، کارسازی، ئەندازیاری، پەرستاری بڕوانامەی دەرچوونیان پێ دەدرێت. لە نێویاندا 18 دەرچوو یەکەمەکانی سەر کۆلێژەکانیانن.
ئەمساڵ، بۆ جاری یەکەم، 23 قوتابی لە کۆلێژی پەرستاریی زانکۆکە دەردەچن و بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێ دەردرێت. ئەم قوتابییانە، کورسی خوێندنیان بێبەرانبەر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە دابین کرابوو.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەستی کوردستان24 گەیشتووە، %68ی دەرچووانی ئەم خولە لە ڕێگەی سکۆلەرشیپ وەرگیراون بەم شێوەیە:
- %12 بەشێوەی ڕێژەیی سکۆلەرشیپ وەرگیراون.
- %88 بەشێوەی تەواوی لە ڕێگەی سکۆلەرشیپ وەرگیراون.
ساڵی ڕابردوو (یەکشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2024) ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
ساڵی ڕابردوو، 68 قوتابیی کۆلێژەکانی ئەندازیاری، کارسازی، زانست و هونەر و خوێندنە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، بڕوانامەی دەرچوونیان پێ درا.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و تاوەکوو ئێستا شەش خولی دەرچووانی بڕوانامەیان وەرگرتووە و زیاتر لە 700 دەرچووی لە بەشە جیاوازەکاندا هەیە کە ئێستا بەشێکیان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان درێژە بەخوێندنی باڵا دەدەن.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک لە چوار کۆلێژ و 10 بەشی زانستی جیاواز پێک دێت، لەوانەش؛ بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا و پەیوەندییەکان، پەرستاری و ئەندازیاری. ئەم زانکۆیە، لە لایەن هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاستبەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.
زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک ئینگلیزییە و بە سیستمی "هونەری ئازاد" قوتابییانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزاییەکی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایهته یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.