کارکردن لە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە دەست پێ دەکاتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەست بەکارەکانی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە دەکرێتەوە.
یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند "دوای چارەکردنی گیروگرفتە داراییەکان، ئەمڕۆ دەست بە کارەکانی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە دەکرێتەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم دەڵێت: بڕیاری دەستبەکاربوون بۆ کۆمپانیا هەر ئەمڕۆ دەنووسرێت، لەگەڵ ئەوەش دا بڕیارە ئیش و کارەکانی ئەو پرۆژەیە بەخێرایی بەڕێوە بچێت.
ئاری ئەحمەد ڕاشیگەیاند "پرۆژەکە خزمەتی چەمچەماڵ و شارۆچکەی ڕزگاری و دەوروبەری، لەگەڵ چەند گوندێکی چەمچەماڵ دەکات."
پرۆژهى ئاوى گۆپتهپه- چهمچهماڵ، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەم، لە توانایدا هەیە لە کاتژمێرێکدا 3 هەزار و 400 مەتر سێجا ئاو پاک بکاتەوە، ڕۆژانه له 20 کاتژمێردا، دهتوانێت 60 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتيیان دابین بکات، كه وا دهكات گرفتى کەمئاوی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری كۆتايى بێت.
پرۆژهى ئاوى گۆپتهپه، لە ماوەی 720 ڕۆژدا تهواو دهكرێت، لە قۆناغی یەکەمدا، ئاو لە زێی بچووکەوە وهردهگيرێت و دوای پاڵاوتن، دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی چەمچەماڵ، ئاغجەلەر، تەکیە و شۆڕش؛ له قۆناغى دووهمدا ئاوى پرۆژهكه بۆ 32 گوندى ديكه ڕادهكێشرێت.
به تهواوبوونى ئهم پرۆژهيه، جگه له نهمانى گرفتى كهمئاوى، كهرتى كشتوكاڵى له قهزاى چهمچهماڵ دەبووژێتەوە و 32 گوندى دهوروبهرى لەو پرۆژەیە سوودمەند دەبن.