هۆشیار زێباری: بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی سیاسیی و بەرنامە بۆ داڕێژراوە

هۆشیار زێباری ڕایگەیاند، لەم کاتەدا بەرژەوەندیی سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی لەچیدایە کە قەیرانی مووچەیان گەورەتر کردووە.

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' نووسیویەتی " بەرژەوەندیی محەممەد شیاع سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگیی دەسەڵاتدار چییە کە ڕێک لەم کاتەدا گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ساز دەکەن؟"

ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەمە لە کاتێکدایە وڵات لە هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە، ڕەنگە کێشەی تەکنیکی هەبێت، بەڵام بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سیاسیی و بەرنامە بۆ دارێژراوە دژی هەرێمێکی دەستووریی، کە بێگومان کاردانەوەی دەبێت."

ڕۆژی شەممە، 31-05-2025، کۆبوونەوەی گرنگ و بەرفراوانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی گشتیی ئێستای عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرا. هەروەها هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بەرانبەر بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجنەکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەینرێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێ پەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە". 

دوای بڕیارەکە، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ڕای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە و، بە سیاسی کردنی قوتی خەڵکە."

مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش کردووە "ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان لە 2-6-2025، دەخەینە بەرباس و بڕیاروەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان، ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین."

هەمان ڕۆژ، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "دوای گفتوگۆیەکی دوور و درێژ، فراکسیونە کوردستانییەکان نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی دەرهەق بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە دەچێتە خانەی برسی کردنی هاووڵاتییانەوە."