فەرمانبەرانی کوردستان داوا لە دادگای فیدراڵی دەکەن ئەمرێکی وەلائی لەسەر مووچە دەربکات

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق

فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تۆمار کرد و داوا دەکەن ئەمرێکی وەلائی بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان دەربکرێت. 

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-06-2025، سکاڵایەک لەلایەن ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە تۆمار کرا سەبارەت بە داواکاری بۆ بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچەکانیان لە هەرێمی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، بەپێی بڕیاری ئەم دادگایە ژمارە (224 و یەکخراوەکەی 269/ئیتیحادی/2023 لە 2024/2/21)."

لە ڕاگەیەنراوەکەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە: "فەرمانبەران داوای دەرکردنی ئەمرێکی وەلائی بۆ پابەندکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بە خەرجکردنی مووچە دەکەن، وەک جێبەجێکردنێک بۆ بڕیارەکەی پێشووتری ئەم دادگایە."

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە "سکاڵای ئاماژەپێکراو لەم دادگایە بە ژمارە (104/ئیتیحادی/2025) تۆمار کراوە و لە نزیکترین کاتدا بڕیار لەسەر داواکاریی دەرکردنی فەرمانە وەلائییەکە دەدرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، تەیف سامى، وەزارەتى دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێ پەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە". 

دوای بڕیارەکە، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ڕای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە و، بە سیاسی کردنی قوتی خەڵکە."

مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش کردووە "ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان لە 2-6-2025، دەخەینە بەرباس و بڕیاروەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان، ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین."